لە سەدا ٢٠ی گیرۆدەبووانی ماددە هۆشبەرەکان لە ئێراندا خوێندنی باڵایان هەیە

15:53 - 29 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: ٢٠٪ گیرۆدەبووانی ماددە هۆشبەرەکان لە ئێراندا، خوێندنی باڵایان هەیە و لەسەدا ٢٧٪ی ئەو کەسانەش کە تەمەنیان لە نێوان ١٥ هەتا ٦٥ ساڵە ڕوانگەی ئەرێنیان بۆ بەکاربردنی ماددە هۆشبەرەکان هەیە.

بە وتەی ڕاوێژەکاری ناوەندی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکان، گیرۆدەبوون بەو ماددە ماڵوێرانکەرە، ئەمڕۆ لە نێو ئەو کەسانەدا کە خوێندنی باڵایان هەیە، بە ٢٠ لەسەد گەیشتووە.

بە وتەی حەمید سەرامی، ٢٠٪ ئەو کەسانەی کە ماددەی هۆشبەر بەکار دەبەن، لە نێوان خوێندکارانی فەوق دیپلۆم و دوکتوران، هەروەها ٨٧٪ ئەو کەسانەی کە ماددەی هۆشبەر بەکار دەبەن ئەو کەسانەن کە کاری فەرمیان هەیە.

ئەو ڕاوێژکارە کۆمەڵایەتییە لە درێژەدا دەڵێت: لە نێو ٢ میلیۆن و ٨٠٨ هەزار کەس، کە گیرۆدەی ماددە هۆشبەرەکانن، ١٥٦ هەزاریان ژن و کچن.

ناوبراو هەروەها بە ئاماژە بە خەسارە کۆمەڵایەتییەکان، ٦٥٪ توندوتیژی خێزانی، ٥٥٪ تەڵاق، ٣٠٪ ئازاردانی منداڵان و ٢٥٪ کوشتنی بەئەنقەست پەیوەندییان بەو کەسانەوە هەیە، کە ماددەی هۆشبەر بەکار دەبەن.

بەپێی دوایین ئاماری ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، لە ئێراندا ٢ میلیۆن و ٨٠٨ هەزار کەس گیرۆدەی ماددە هۆشبەرەکانن و ئەم لە حاڵێکدایە کە ئامارە نافەرمییەکان باس لە بوونی ٤ میلیۆن کەس دەکەن کە گیرۆدەبووی ماددەی هۆشبەرن.

مێژووی گیرۆدەبوون بە ماددەی هۆشبەر لە ئێراندا، بۆ سەردەمی بنەماڵەی سەفەوییەکان دەگەڕێتەوە و بە شێوەی چاندنی تووی خەشخاش پەرەیان بە بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەری \"تریاک\" داوە.