لە سێدارەدانی کوردەکان لە ئێران قەڵاچۆ کردنێکی نەرمە

16:12 - 20 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی کوردپا: بە دەیان چالاکی مەدەنی و ڕۆژنامەوان، لەسێدارەدانی کۆمەڵێ لە کوردەکان لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسڵامی ئێرانیان، مەحکووم کرد.

بەپێ هەواڵە بڵاوکراوەکان، ڕاگەیەندڕاوێک لە لایەن ٢٤٠ کەس لە کەسایەتییە ئێرانیەکانەوە بڵاوکڕاوەتەوە کە تێیدا باس لەوە کراوە؛ \"لەسێدارەدانی زیندانییە کوردەکان، بەتایبەت چالاکانی عەقیدەتی، بەبێ ئاگاداریی کاربەدەستانی پلەبەرزی حکوومەتی ئێران نەبووە.\"

ئەو کەسایەتیانە بە واژۆ کردنی ئەم ڕاگەیەندراوە، بڵاویان کردووەتەوە کە؛ \" ئەم کردەوەی حکوومەتی ئێران، بێوێنە و بە چەشنێک \"قەڵاچۆ کردنی نەرم\" ناوی لێ دەبرێت\".

\"ڕەحمان جەوانمەردی\"، \"تاهیر قاسمی\"، \"عەمار گوڵی\"، \"ناسربولیدەیی\"، \"عەلی ئەسغەر ڕەمەزان‌پوور\"، \"عەلی کەلایی\"،\"شلێر دەرویشی\"،\"مەنوچێهر محەممەدی\"...هتد، لەو کەسانن کە لە سێدارەدانی ٢٢ زیندانیی سوننیان لە بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج مەحکووم کردووە.

پێشتریش کۆمیسێری باڵای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە ڕاگەیاندراوێکدا، ئێعدامی زندانیانی سوننی مەزهەبی لە ئێراندا مەحکووم و بە \"نادادپەروەرییەکی بەرچاو\" ناوی لێ بردووە.

کاربەدەستانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، ڕێژەی ئێعدامەکانی ڕۆژی دوازدەی ئەم مانگەی بە ٢٠ کەس ڕاگەیاندووە، بەڵام سەرچاوەکان لە کوردستان، ئاماژەیان بە، لەسێدارەدانی ٢٥ کەس کردووە.

هەرلەم پەیوەندییەدا، کاربەدەستانی حکوومەتی ئێران لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، پاش ئێعدامی ئەم زیندانییە عەقیدەتییانە، ئیزنی ڕاووڕووت کردنی کەلوپەلەکانی ئەم زیندانییانەیان بە ناوی\"دەسکەوتی شەڕ\"ەوە، بە زیندانییە ئاساییەکان داوە.

لەو یەک مانگەی دوایی‌دا، زیاتر لە ٣٥ زیندانیی کورد لە ئێران، لەسێدارە دراون .