لە سێدارەدانی مێرمنداڵان لە ئێران پەرەی سەندووە

14:43 - 21 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: پاش لە سێدارەدانی عەلیڕەزا تاجیکی لە گرتووخانەی شاری شیراز، عاسمە جەهانگیر رێپۆرتێری تایبەتی دۆخی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە: لە سێدارەدانی عەلیڕەزا تاجیکی لە تەمەنی مێرمنداڵیدا بەپێچەوانەی کۆنوانسیۆنە نێونەتەوەییەکانە و دادگایی کردنی ئەم کەسە ڕەوتێکی دادپەروەرانەی تێنەپەڕاندووە.

عاسمە جەهانگیری ڕۆژی هەینی ٢٠ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی پاش لە سێدارەدانی تاجیکی لە ئێراندا هەڵویستی گرت و وتی: لە سێدارەدانی عەلیڕەزا تاجیکی کە بە تۆمەتی کوشتنی لاوێکی شیرازی لە تەمەنی ١٥ ساڵەیی مەحکووم کرابوو، پاش ٥ ساڵ لە تەمەنی ٢٠ ساڵی، ڕۆژی ٥شەممە ١٩ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی لە زیندانی عادڵاوای شیراز لە سێدارە درا.

لە سێدارەدانی ئەم مێرمنداڵە پاش دوو جار وەدواخستن بەپێچەوانەی کۆنوانسیۆنی مافی منداڵانە کە ئێران واژۆی کردووە.

عاسمە جەهانگیر لە درێژەی قسەکانیدا وتی: نیگەرانی من لەوەیە کە عەلیڕەزا لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەدا دانی بە تاوانەکەی نابێت، چونکە تاجیکی رایگەیاندبوو کە لە ژێر ئەشکەنجەدا تاوانی کوشتنی وە ئەستۆ گرتووە و لەمبارەوە هیچ لێکۆڵینەوەیەک نەکراوە.

نووسینگەی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وتیشی:\"تاجیکی لە پێشێلکردنی مافی هەبوونی پارێزەر و بێخەبەربوونی بنەماڵەکەی لە ماوەی ١٥ ڕۆژ مانەوەی لە ژووری تاکەکەسی ناڕەزایەتی دەربڕیبوو.

هەروەها جەهانگیر وتوویەتی: لە ئێراندا لە مانگی ژانوییە هەتاکوو ئێستا ٣ مێرمنداڵی دیکە لە سێدارە دراون و ٨٦ منداڵی دیکەش چاوەڕێی ئێعدام دەکەن.

ناوبراو داوای لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کرد کە مەحکووم کردنی منداڵان بە ئێعدام ڕابگرن و پێبەندی کۆنوانسیۆنە واژۆکراوەکان بن.