لە سێدارەدانی شایان سەعیدپوور لە سەر بڕیار و پێداگری داواکاری گشتیی سەقز، بووە

14:05 - 2 بانەمەڕ 2720

وێڕای لێخۆشبوونی بنەماڵەی کوژراوەکە داواکاری سەقز بڕیاری سێدارەی شایان سەعیدپووری داوە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی سەعیدپوور بە (ئاژانسی کوردپا)ی ڕاگەیاند: بنەماڵەی سلێمان ئازادی (کوژراوەکە)، ڕەزامەندیی خۆیان دەربڕیوە کە بە دانی دیە، لە جێبەجێکردنی حوکمی سێدارەی شایان لێخۆشبن.

هاوکات ئەو سەرچاوەیە ئاشکرای کرد بنەماڵەی ئازادی ڕازی بوون کە بە بڕی ١ میلیارد و ٤٠٠ میلیۆن تمەن دیە، لە خوێنی کوڕەکەیان خۆش بن و ئەو هاووڵاتییە کوردە لە پەتی سێدارە ڕزگار بکەن، بەڵام داواکاری گشتی (دادئەستین)ی سەقز پێداگریی لەسەر جێبەجێکردنی حوکمی سێدارەی شایان کردووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، بنەماڵەی کوژراوەکە لەژێر گوشاری داواکاری گشتیی سەقزدا بڕیاری سێدارەدانی "شایان سەعیدپوور"یان داوە.

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ٢ی بانەمەڕ، شایان سەعیدپوور، زیندانیی مەحکووم بە ئێعدام لە زیندانی سەقز لە سێدارە درا.

ڕۆژی ٨ی خاکەلێوە، "شایان سەعیدپوور'' لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکان لە زیندانی سەقز توانی لە زیندان هەڵبێت؛ ئەو زیندانییە مەحکووم بە ئێعدامە دواتر لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ زیندانی سنە ڕاگوێزرا.