لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ، ٥٧ کۆڵبەر کوژراون و بریندار بوون

17:48 - 4 پووشپەڕ 2720

لە ماوەی سێ مانگی وەرزی بەهاری ئەمساڵ (٩٩)، ٥٧ کۆڵبەر کوژراون و بریندار بوون (١٩ کوژراو و ٣٨ بریندار).

لە کۆی ئەو ٥٧ کۆڵبەرە، ٤٥ کۆڵبەریان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت گیانیان لەدەست داوە و پێکراون.

هەروەها، چوار کۆڵبەر بە تەقینەوەی مین، بەربوونەوە لە بەرزایی و کەوتنە نێو ڕووبار  بریندار و گیانیان لەدەست داوە.

لەو پەیوەندییەدا، ٨ کۆڵبەری دیکە بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی ئەرتشی تورکیە کوژراون و بریندار بوون.

ئەم کۆڵبەرانە لە ناوچە سنوورییەکانی: "ورمێ، خۆی، چاڵدێران، ماکۆ، شنۆ، پیرانشار، بانە، جوانڕۆ و سەلاسی باوەجانی"، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران و ئەرتشی تورکیە کوژراون  و بریندار بوون.