لە سووریە ژنە رۆژنامەنووسێک لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لێ ئەستێنرا

19:54 - 8 خەزەڵوەر 2712
ئاژانسی کوردپا: رێکخراوی مافی مرۆڤی سووریە رایگەیاند \"فاتمە خالید سەعد\" چالاکی بواری راگەیاندن لە یەکێک لە ناوەندە ئەمنیەتییەکانی دیمەشق گیانی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی چالاکانی مافی مرۆڤی سووریە، \"فاتمە خالید سەعد\" خانمە رۆژنامەنووسی خەڵکی سووریە بەهۆی ئەشکەنجەوە لە ناوەندە ئەمنیەتییەکانی سووریە گیانی لەدەست داوە.

رێکخراوی مافی مرۆڤی سووریە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە: فاتمە کە لەناو دژبەران و میدیاکاندا بە \"فرح الرئیسی\" ناسرابوو، مانگی رابردوو لەگەڵ باوکی و براکەی لە شاری لازقیە دەستبەسەر کرابوون.

بەپێی ئەو راپۆرتە رێژەی میدیاکارانی کوژراو لە دەستپێکی شۆڕشی سووریەوە هەتا ئێستا گەیشتۆتە زیاتر لە ١١٢٥ کەس.
\"9600.jpg\"
فاتمە خالید سەعد\" چالاکی بواری راگەیاندن خەڵکی سووریە
پاش لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان باوکی فاتمە و براکەی ئازاد کران، بەڵام فاتمە بەهۆی ئەوەی چەند سروودێکی شۆڕشگێڕی و ئاڵای شۆڕشی سووریەی پێ بووە لە گرتنگە هێشتیانەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، پاش ئەوەی کە لەبەر ئەشکەنجەی دڕندانەی ئەرتشی سووریە لە یەکێک لە ناوەندە ئەمنیەتییەکانی شاری لازقیە گورچیلەیەکی تووشی گرفت دەبێ، دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی نیزامی.

پاشان دەگوازرێتەوە بۆ دیمەشق، بە مەبەستی درکاندنی ناوی ئەو کەسانەی کە لەگەڵ ئەو چالاکیان هەبووە بە توندترین شێوە خراوەتە ژێر ئەشکەنجە و لە ئاکامدا رێکەوتی ٢ی خەزەڵوەر (٢٣ی ئۆکتۆبر) گیانی لەدەست داوە.