لە سنە یەكەمین فێستیڤاڵی خەڵاتی ئەدەبیی مەولەویی كورد بەڕێوە دەچێت

17:01 - 19 بانەمەڕ 2712
كوردپا: رێكخراوەی فەرهەنگی، ئەدەبیی مەولەویی كوردی سنە مانگی جۆزەردان، یەكەم فێستیڤاڵی \"خەڵاتی ئەدەبیی مەولەویی كورد\" لە بواری شێعردا بەڕێوە دەبات.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، ئەنجومەنی فەرهەنگی ئەدەبیی مەولەویی كوردی سنە، لە درێژەی چالاكییەكانی خۆیدا بە مەبەستی بەرز راگرتنی فەرهەنگ و ئەدەبی كوردی، یەكەم فێستیڤاڵی \"خەڵاتی ی مەولەویی كورد\" لە بواری شێعردا بەڕێوە دەبات.

لە بانگەوازێكدا كە نوسخەیەكی بەدەستی ئاژانسی كوردپا گەیشتووە، داوا لە هەموو شاعیرانی كورد لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران كراوە بە لەبەرچاوگرتنی ئەم خاڵانە، بەرهەمەكانیان هەتا كاتی دیاریكراو رەوانەی دەبیرخانەی یەكەم فێستێڤاڵی خەڵاتی ئەدەبیی مەولەویی كورد لە سنە بكەن.

\"4467.jpg\"
ـ هەموو شاعیرێ بۆی هەیە لەم فستیڤاڵەدا بەشداری بكات هەتا بەرهەمەكەی بخرێتە بەشی پێشبڕكێیەوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئەدەبی مەولەوی كورد.
ـ 3 خەڵاتی تایبەتیی دیكەش دیاری كراوە، 3 كەس لەو شاعیرانی كورد كەلە 5 ساڵی رابردوودا كتێبی شێعرییان چاپ كرابێت و بەرهەمیان هەڵبژێردرێت بۆ ئەمە بەشە لە پێشەوە دان، (ناردنی كتێبی چاپكراو پێویستە).
ـ تەمەنی بەشداری كردن 20 هەتا 50 ساڵ دیاری کراوە.
ـ هەر شاعیرێ دەتوانێ 3 بەرهەم بنێرێت (بەرهەمەكان لە شوێنی دیكەدا نەخوێندرابێنەوە).
ـ بابەت: ئازاد و لە قاڵبی كلاسیك و نوێدا.
ـ دوایین كات بۆ وەرگرتنی بەرهەمەكان: 26ی بانەمەڕی 1391 و كاتی بەڕێوە چوون رۆژانی3 و 4ی جۆزەردانی ئەمساڵ دەبێت.

یەكەم فێستێڤاڵی خەڵاتی ئەدەبیی مەولەوی كورد بڕیار بوو زستانی ساڵی 1390 بەڕێوە بچێت، بەڵام بە وتەی ئەندامانی ئەنجومەنی ئەدەبیی مەولەویی كوردی سنە بەهۆی كێشە لەگەڵ ئیدارەی گشتیی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی پارێزگای كوردستان وەدوا خرا.

ئەنجومەنی فەرهەنگی، ئەدەبیی مەولەوەیی كوردی سنە سەرەتای دەیەی 70ی هەتاوی دامەزراوە و هەتا ئێستا بەردەوامە.