لە سنە یادمانێک بۆ ئایەتوڵڵا مەردۆخ، زانا و بلیمەتی کورد بەڕێوە چوو

15:41 - 8 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: دوو هەفتەنامەی ئاڵا، کۆڕیادێکی بۆ زانا و بلیمەتی کورد \"ئایەتوڵڵا مەردۆخ\" پێک هێنا.


ڕۆژی سێشەممە ٧ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە شاری سنە، لە شوێنی نووسینگەی دووهەفتەنامەی ئاڵا بە مەبەستی ڕێزلێنان و یادکردنەوەیەک لە زانای کورد \"ئایەتوڵڵا مەردۆخ\" کۆڕیادێکی بەڕێوە چوو.

لەم کۆڕیادە بەشێکی بەرچاو لە نووسەران و کەسایەتییە فەرهەنگییەکانی شاری سنە و هەروەها عەبدولموئمنی مەردۆخ کوڕی ئایەتوڵڵا مەردۆخ بەشداریان کرد.

لە درێژەی کۆڕەکە باسێکی تێروتەسەل لە لایەن مامۆستا حیسامەدین ئەمین شاعێر و نووسەری کوردی سنەیی و مامۆستا ئیسماعیل حوسێنی لێکۆڵەری کورد، لەسەر دەوری کاریگەریی ئایەتوڵڵا مەردۆخ لە بواری زانست و ئەدەبیاتی کوردی، فارسی و عەرەبی و هەروەها بوارەکانی دیکەی زانست پێشکەش کرا.

شێخ محەممەد مەردۆخ ناسراو بە ئایەتوڵڵا مەردۆخ زانا و بلیمەتی کورد لە ساڵی ١٢٥٦ی هەتاوی لە شاری سنە لەدایکبووە.

ناوبراو کە لە هۆزی بەناوبانگی مەردۆخە لە زۆربەی بوارە زانستی و هونەری و هەروەها ئەدەبیات و شێعر شارەزایی و پسپۆڕێکی تەواوی هەبووە و لەم پێوەندییەدا نزیک بە ٦٠ کتێب و نووسراوەی چاپکراوی هەیە کە گرنگترینان مێژووی کورد و کوردستانە و سەرچاوەیەکی بەهێز لە بواری مێژووی کورد و کوردستانە و هەروەها دەیان کتێب و شێعری چاپنەکراویش هەیە کە لە لایەن ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ڕێگای چاپ کردنیان پێ نادرێت.

ئەم کەسایەتییە زانستی ـ ئایینی و شۆڕشگێڕە لە سەردەمی شۆڕشی مەشرووتە دەورێکی بەرچاوی هەبووە و چەندین جار لە لایەن حکوومەتی پاشایەتی پاڵەوەییەوە پیلانی کوشتنی بۆ داڕێژرابوو، کە هیچیان سەرکەوتوو نەبووە، هەرورەها ئەم کەسایەتییە ئایینی و زانستییەی کورد، یەکێک لە دژبەرانی خومەینی بووە و لە بواری فەلسەفی و فیکرییەوە بەردەوام دژایەتی بۆچوونەکانی ناوبراوی کردووە.

ئایەتوڵڵا مەردۆخ لە ساڵی ١٣٥٤ی هەتاوی کۆچی دوایی کرد و لە گوندی \"نەوەڕە\" سەر بە شاری سنە بە خاک ئەسپێردراوە.