لە سنە كۆڕی كورد و فه‌رهه‌نگی ئێرانی ـ ئیسلامی به‌ڕێوه‌چوو+ وتووێژ

15:06 - 20 رەزبەر 2715
ئاژانسی كوردپا: كۆڕی كورد و فه‌رهه‌نگی ئێرانی ـ ئیسلامی، به ‌به‌شداریی كۆمه‌ڵێك لێكۆڵه‌ر و كه‌سایه‌تیی ئاكادێمیك له‌ سێ به‌شی كوردستانەوە، له‌ شاری سنه‌ به‌ڕێوه‌چوو.

كۆلیژی ئه‌ده‌بیات و زمانه‌ بیانییه‌كانی زانكۆی كوردستان كه‌ ڕێكخه‌ری ئه‌م كۆڕه‌ بووه‌، هۆكار و ئامانجی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م كۆڕه‌ی بۆ ناسینه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگی كوردی له‌ شوناسی ئێرانی ــ ئیسلامی گه‌ڕاندۆته‌وه‌.

بۆ زانیاریی زیاتر له‌سه‌ر شێوازی به‌ڕێوه‌چونی ئه‌م كۆڕه‌ و ئاكامه‌ زانستییه‌كانی، ئاژانسی هه‌واڵده‌ریی كوردپا وتووێژێكی له‌گه‌ڵ بەڕێوەبەری ئه‌م كۆڕه‌ ئه‌نجام داوه‌ كه‌ ده‌قه‌كه‌ی به‌م‎چه‌شنه‌یه‌:

دوكتور نه‌جمه‌دین جه‌باری، سه‌باره‌ت به‌ بیرۆكه‌ی وه‌ڕێخستنی ئه‌م كۆڕه‌ گوتی: \"كۆلیژی ئه‌ده‌بیاتی زانكۆی كوردستان، به‌سه‌رنجدان به‌وه‌یكه‌ ماوه‌ی هه‌زار ساڵه‌ كورد له‌گه‌ڵ ئیسلام و فه‌رهه‌نگی ئێرانی نیزیكایه‌تی هه‌بووه‌ و كاریگه‌ر‎ییان له‌سه‌ر یه‌كتر داناوه،‌ به‌و ئاكامه‌ گه‌یشتین كه‌ كۆنفڕانسێك له‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ چه‌شنه‌ جۆراوجۆره‌كانی ئه‌م پێوه‌ندییه‌ وەکوو‌ مێعماری، موسیقی، ئه‌ده‌ب، عێرفان و....هتد، وه‌ڕێبخه‌ین، تاكوو خاڵه‌ هاوبه‌شه‌كان زۆرتر و زیاتر ده‌ربكه‌ون\".

ناوبراو سه‌باره‌ت به‌ وشه‌ی\"ئێرانی\" كه‌ بۆ ناونیشانی ئه‌م كۆڕه‌ كه‌ڵكی لێوه‌رگیراوه‌ ئاشكرای كرد: \"مه‌به‌ست له‌ ناونیشانی \"ئێرانی\" ئەوە بووە کە مانا و نێوه‌ڕۆكی ئێرانی زۆر له‌و چوارچێوه‌ جوغرافیاییه‏دا‌ كه‌ ئێستا ئێرانی پێ پێناسە دەکرێت زیاتره‌ و فه‌رهه‌نگ و زمانه‌كانی وه‌ك ئازه‌ری، كوردی، به‌لووچی، عه‌ره‌بی، تاڵشی، ته‌به‌ری و .....هتد، له‌خۆ ده‌گرێت كه‌ به‌ درێژایی مێژوو پێوه‌ندییان پێكه‌وه‌ هه‌بووه‌.

له‌ نێو ئه‌و وێنه‌گه‌له‌ی كه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ واده‌رده‌كه‌وێ كه‌ پێشوازییه‌كی ئه‌وتۆ له‌م كۆڕه‌ نه‌كراوه‌ كه‌ له‌ به‌رامبه‌ردا سه‌رۆكی زانستیی كۆڕی ئاماژه‌پێكراو ده‌ڵێ: \" به‌ به‌راورد كردن له‌گه‌ڵ كۆنفڕانسه‌ هاوچه‌شنه‌كان كه‌ له‌م زانكۆ یان ته‌نانه‌ت زانكۆی وڵاتانی دیكه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، به‌و ده‌رئە‌نجامه‌ ده‌گه‌ین كه‌ ئیمكانی پڕبوونه‌وه‌ی هه‌موو ساڵۆنه‌كه‌ بوونی نییه،‌ ئه‌مه‌ش به‌هۆی تایبه‌تی بوون و پسپۆڕی بوونی باسه‌كانی نێو پانێله‌كانه‌وه‌یه‌. هه‌روه‌ها ئه‌م كۆڕه‌ ئه‌و جیاوازییه‌ی هه‌بوو كه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی كۆنفڕانسه‌كانی دیكه‌ دوور بوو له‌ پرسه‌ لاوەكییه‌كان كه‌ زۆر جار حاڵه‌تی كارناڤاڵی به‌خۆوه‌ ده‌گرن و زیاتر سوور بوو له‌سه‌ر پاراستنی ستاندارده‌ زانستییه‌كانی كۆڕێكی نێونه‌ته‌وه‌یی.\"

ئه‌م مامۆستایەی زانكۆ له‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا كه‌ \"گه‌لۆ به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌م كۆڕه‌ ڕوانینێكی جیاواز له‌ ده‌زگای حاكمیان به‌رامبه‌ر به‌ فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بی كوردی هه‌یه‌؟\"، گوتی: \" من له‌گه‌ڵ ڕاڤه‌یه‌كی سیاسی ته‌نیا به‌هۆی بوونی دوو وشه‌ی \"ئێرانی\" و \" ئیسلامی\"دا نیم. بنه‌مای فیكریی ئه‌م كۆڕه‌ بریتییه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك شڕۆڤه‌ی زانستی و ته‌نانه‌ت له‌ سه‌ره‌تا و له‌ كاتی به‌ڕێوه‌چونیشی‏دا هیچ لێپرسراوێكی سیاسی به‌شداری به‌رنامه‌كان و پانێله‌كان نه‌بووه‌ و ئه‌م پرسه‌ش ناتوانێ خاڵه‌ هاوبه‌شه‌ فه‌رهه‌نگی و زمانییه‌كان له‌گه‌ڵ خه‌ڵكانی دیكه‌ی ئێران و شوناسی ئیسلامییان داببڕێنێت.\"

\"28778.jpg\"
دوكتور نه‌جمه‌دین جه‌باری، مامۆستای زانكۆ
هه‌روه‌ها دوكتور جه‌باری باسی له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ١٣٩ كورته‌وتار و ٩١ وتاری ته‌واو، بۆ ئه‌م كۆڕه‌ نێردراوه‌ و ٧١ به‌رهه‌م له‌ كۆی ئه‌م ڕێژه‌یه،‌ له‌لایه‌ن لێژنەی هەڵسەنگاندنی زانكۆی كوردستانه‌وه‌ په‌سند كراون‌ كه‌ ئه‌مه‌ بۆخۆی هێمایه‌كه‌ له‌مه‌ڕ سیاسی و ئیدئۆلۆژیك نه‌بوونی كۆڕه‌كه‌.

به‌ وته‌ی ناوبراو ٢١ وتار له‌ بیاڤی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی، پێوه‌ندی ئه‌ده‌بی كوردی، مێژووی ئێران و كوردستان، پێوه‌ندی عێرفان و فه‌لسه‌فه‌ له‌ ئه‌ده‌بیاتی كوردی و فارسی له‌ ماوه‌ی دو ڕۆژ كاری كۆڕه‌كه‌دا خوێندرایه‌وه‌ كه‌ له‌ زانكۆكانی موش و ماردین له‌ كوردستانی توركیه‌، دهۆك و هه‌ولێر و كۆیه‌ و سلێمانی له‌ كوردستانی عێراق و زانكۆكانی مه‌شهه‌د، تاران، لوڕستان، كرماشان، ورمێ، ئیلام و قه‌زوێنه‌وه‌ نێردرابوون.

دوكتور جه‌باری باسی له‌وه‌ش كرد كه‌ ته‌واوی ئه‌و وتار و بابه‌تانه‌ی كه‌ نێردراون له‌ كتێبێكدا چاپ و بڵاو ده‌كرێنەوە.

به‌پێی لێدوانی بەڕێوەبەری كۆڕی ئاماژه‌پێكراو بۆ هه‌واڵنێریی كوردپا:\" به‌شی لێكۆڵینه‌وه‌ی زانكۆی كوردستان بێ وه‌رگرتنی ئیزن له‌ هیچ دامه‌زراوه‌یه‌كی حكومه‌تی له‌ سنه‌ و تاران، بڕیاری به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م كۆڕه‌ی داوه‌ و ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌ی كوردستان‎ناسی هاوكار و یارمه‌تیده‌ر بووه‌.\"

ئه‌م كۆڕه‌ له‌ ماوه‌ی ڕۆژانی ١٥ و ١٦ی ئه‌م مانگه،‌ له‌ تالاری مه‌وله‌ویی زانكۆی كوردستان، له‌ ٦ پانێلدا به‌ڕێوه‌ چوو كه‌ تێیدا جه‌میل جه‌عفه‌ری، ئه‌سعه‌د شێخ‎ئه‌حمه‌دی، حه‌بیب سلێمانی، ئیسماعیل شه‌مس، به‌ختیار سه‌جادی، نه‌وید نه‌قشبه‌ندی، هادی ره‌زوان، عه‌بدوڵڵا ڕه‌سوڵ‎نژاد، حه‌سه‌ن سه‌رباز، مه‌نسور ڕه‌حمانی، وەکوو لێژنە ئەرکی هه‌ڵسه‌نگاندنی بابه‌ته‌كانیان له‌ ئه‌ستۆ بووه‌.

پانێلی یه‌كه‌م: مێژووی كوردستان و ئێران و خوێندنه‌وه‌ی دووباره‌ی ده‌قه‌ كوردی و فارسییه‌كان
ئیسماعیل شه‌مس، د.كه‌یوان ئازاد ئه‌نوه‌ر، د. دڵكه‌ش ئیبراهیم

پانێلی دوهه‌م: ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی
د. حسه‌ین میكائیلی، د. شۆعله‌ زه‌هیری، د. عه‌بدوڵڵا ڕه‌سوڵ‎نژاد

پانێلی سێهه‌م: فه‌لسه‌فه‌ و عێرفان
د. فه‌رزاد حاجی میرزایی، د. جه‌ماڵ ئه‌حمه‌دی، د. یادگار ڕه‌سوڵ باڵه‌كی، د.هێمن خۆشناو

پانێلی چواره‌م: خوێندنه‌وه‌ فه‌رهه‌نگی و فۆلكلۆریكه‌كان
د. عه‌لی ڕه‌حمه‌تی له‌ خۆراسان، مه‌سعود ئه‌سڵان و ئه‌حمه‌د كۆركان له‌ زانكۆی ماردین

پانێلی پێنجه‌م: خوێندنه‌وه‌ی دووباره‌ی فه‌رهه‌نگی كوردی له‌ شوناسی ئێرانی ــ ئیسلامی
د.ئه‌سعه‌د شێخ ئه‌حمه‌دی، كامبیز ئیبراهیم‎زاده‌، د. ئیحسان مه‌ردووخ
پانێلی شه‌شه‌م: ئه‌ده‌بی بەراوردکاریی کوردی و فارسی
د. بو‌شرا که‌سنه‌زانی، د. مه‌هاباد کامیل عه‌بدوڵڵا، د. عوسمان ده‌شتی
\"28781.jpg\"

\"28780.jpg\"