لە سنووەکانی کوردستان دوو کۆڵبەری دیکە دەبنە قوربانی

15:46 - 18 گەلاوێژ 2715
ئاژانسی کوردپا: لەدرێژەی کوژرانی کۆڵبەرانی کورد، دوو کۆڵبەری دیکەی کورد بە هۆی تەقەی هێزە نیزامییەکان لە ناوچەی سنووری شاری سەردەشت بوونە قوربانی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی شەممە ١٧ی گەلاوێژ، دوو کۆڵبەری کورد لە ناوچەی سنووری شاری سەردەشت دەکرێنە ئامانجی تەقەی راستەوخۆ هێزە نیزامییەکان کە لە ئاکامدا یەکێک لەو کۆڵبەرانە گیانی لە دەست دەدا و کۆڵبەرێکی دیکە بە سەختی بریندار دەبێت.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەردەشت شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوژراوەی \"م.ح\" راگەیاند.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری سەردەشت بە هەواڵنێری \"کوردپا\"ی راگەیاند: ئەو کۆڵبەرە کە گیانی لە دەستداوە خێزاندار و خاوەنی چورا منداڵە و بۆ دابین کردنی بژیوی ژیان رووی لە پیشەی کۆڵبەری لە ناوچە سنووری سەردەشت کردووە.

ئەو سەرچاوە ئەوەشی خستەروو: هێزەکانی حکوومەتی بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو ئەو دوو کۆڵبەرەیان داوەتە بەر دەستڕێژی گوڵلە کە یەکێکیان گیانی لە دەست داوە.

یەکێک لە هۆکارە سەرکییەکانی پەرسەندنی دیاردەی کۆڵبەری، نەبوونی دەرفەتی کار، ئاوڕنەدانەوە لە دانانی سەرمایەی حکوومەتی لە ناوچە کوردنشینەکان و پێناسەی نادروست لە ئابووری سنووری،کە دەبێتە هۆی ئەوەیکە ئەو کەسانە بە دوای کاردا دەگەرێن روو لە پیشەی کۆڵبەری بکەن.

پێشتر ساڵح نیکت‌بەخت پارێزەری کوردلە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا رایگەیاندبوو: \"لە تەواوی ئەو حالەتانەی کە بووەتە هۆی مردنی کۆڵبەران بە شێوەی \"ئەنقەست\" غەیرە ئەنقەست\" بووە.