لە سنوورەکانی کوردستان دوو کۆڵبەر بە تەقەی هێزە نیزامییەکان بریندار بوون

14:15 - 12 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: دوو کۆڵبەری کورد کە بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانیان ڕوویان لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان کردبوو، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی گوندی \"سەردە\"ی شاری پاوە بە ناوی \"ئیبراهیم خوشنوودی\" کوڕی حەسەن، لە سنووری شاری نەوسوود، بە تەقەی هێزە نیزامییەکان پێکرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: ئەو کۆڵبەر کوردە لەو ڕووداوە، بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لاقی پێکراوە و بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانی کراوە.

لە لایەکی دیکەوە، کۆڵبەرێکی دیکە کورد، خەڵکی شاری سەردەشت بە ناوی \"ڕەووف سلێمانی\" تەمەن ٣٠ ساڵ، بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە خاڵی سنووری \"جناوە\" لە هەرێمی کوردستان و شاری سەدەشت، بریندار بووە.

ئەو کۆڵبەرە کوردە، خەڵکی بەخشی \"وەزینە\"ی شاری سەردەشت بووە و بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری ورمێ کراوە.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی ڕەشەممەی ٩٧، کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی ناوچەی \"سۆمای برادۆست بە ناوی \"سیامەند خەلیلی\" تەمەن ٢٦ ساڵ، بە تەقەی ‌هێزە سنوورپارێزەکانی حکوومەتی بریندار کرا.