لە سنووری هەورامان کۆڵبەرێک بریندار بوو

15:29 - 31 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد لە ناوچەی هەوارمان ئامانجی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی خەرمانان، کۆڵبەرێکی کورد لە ناوچەی هەورامان، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران بە سەختی بریندار بوو.

هەواڵنێری کوردپا، شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوردەی بە \"فەرزاد قادری\" خەڵکی گوندی \"نێسانە\" سەر بە شاری نەوسوود ڕاگەیاندووە.

هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی، ئەم کۆڵبەرە کوردەیان لە شوێنێک بە ناوی \"قەڵاگا\" داوەتە بە دەستڕێژی گوللە.

ڕاپۆرتە نێردراوەکان بۆ ئاژانسی کوردپا باس لەوە دەکەن، کە ئەو کۆڵبەرە کوردە بە هۆی بەرکەوتنی چەند گوللەیەک لە لاقی بە سەختی بریندار بووە و بۆ چارەسەری پزیشکی بۆ یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری کرماشان گواستراوەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی، لە نزیک گوندی \"بێرواس\" لە ناوچەی هەورامان دەستیان بە سەر ٧٢ سەر ئەسپی کاسبکاراندا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانن.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، سپای پاسداران لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان هەوڵی ڕەوانە کردنی هێزە و چەکوچۆڵی قورس بۆ ناوچە سنوورییەکان داوە.

بە وتەی شایەتحاڵەکان، کەشوهەوای ئەمنییەتی باڵی بە سەر شارە سنوورییەکاندا کێشاوە و کۆنتڕۆڵی هاتووچۆی سنوورەکان توندتر بووتەوە.
دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان، ئەم هەوڵەی سپای پاسداران بۆ بەڕێوەچوونی گشتپرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان دەزانن و دەڵێن:

\"کونتڕۆڵ کردنی هاتووچۆی سنوورەکان و بەرتەسک کردنەوەی هاتووچۆ لە سنوورەکان، کاریگەری نەرێنی لە سەر ژیان و گوزەرانی کۆڵبەران و کاسبکاران دادەنێت\".

کۆڵبەر بە چین و توێژە زەحمەتکێشی کوردستان دەگوترێ، کە لە ناوچە سنوورییەکان بە کاری کۆڵبەریەوە خەریکن.