لە سنووری شاری سەڵماس کۆڵبەرێک بریندار کرا

10:28 - 12 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێكی کوردی خەڵکی شاری سەڵماس، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران بریندار کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چەند ڕۆژی ڕابروودا، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "وەحید عیسا‌پوور" کوڕی "ڕەزا"، لە شوێنێک بە ناوی "شەپیران" لە شاری سەڵماس، بە تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران پێکرا.

ئەو کۆڵبەرە کوردە، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، بە گومانی هەڵگرتنی شتومەکی قاچاغ، لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە تەقەی لێکراوە.

لەو پەیوەندییەدا،  ڕۆژی سێشەممە، ٩ی ڕەزبەر، ژمارەیەک لە کاسبکارانی کورد لە سنووری شاری سەردەشت، کرانە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران و لە ئەنجامی ئەو تەقەکردنەدا، کاسبکارێک بە ناوی "قادر محەممەدزادە"، خەڵکی گوندی "توێژەڵـ"ـی شاری سەردەشت، بریندار بوو.