لە سنووری شاری خۆی کۆڵبەرێک کوژرا

14:21 - 20 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی شاری خۆی، بە تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران، گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە، ١٩ی گەلاوێژ، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە بەخشی سەفائییەی شاری خۆی، کەوتنە بۆسەی هێزەکانی سپای پاسداران و لە ئاکامی تەقەی ئەو هێزانەدا، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"ڕەزا ئیبراهیمی\"، خەڵکی گوندی \"کەڕکووش\"، گیانی لەدەست دا.

ئەو کۆڵبەرە کوردە، لە کوێستانە سنوورییەکانی \"ئەلەند\"دا تەقەی لێکراوە.
هێزەکانی سپای پاسداران، ئەو کۆڵبەرە کوردەیان بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، بە گومانی هەڵگرتنی شتومەکی قاچاخ، داوەتە بەر دەسڕێژیی گولـلە.