لە ساڵی٢٠٢٠دا ٩ ژن لە ئێران لەسێدارە دراون

12:01 - 14 بانەمەڕ 2721

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی بۆ ساڵی ٢٠٢٠دا، بڵاوی کردووتەوە کە ٩ ژن لە ئێران، لانیکەم ٨ کەسیان بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" بە قیساس (ئێعدام) مەحکووم کراون و حوکمەکەیان لە زیندانەکانی ئێران، جێبەجێ کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە، لەو ٩ ژنە لەسێدارەدراوە، تەنیا لەسێدارەدانی٥ کەسیان لەلایەن بەرپرسانی حکوومەتییەوە بە فەرمی ڕاگەیەندراوە و میدیایی کراوە.

ئەو ڕاپۆرتە هەروەها باسی لەوە کردووە کە یەکێک لەو ژنانە خەڵکی وڵاتی ئەفغانستان بووە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران هەروەها لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا، ئاماژەی بە ئێعدامکردنی "زەینەب خودامورادی" خەڵکی شاری قوروە سەر بە پارێزگای سنە کردووە، کە پێش لە سێدارەدانی ٥ ساڵ، بە تۆمەتی کوشتنی دوو مێرمنداڵی تەمەن ژێر ١٨ ساڵ، کە یەکێک لەو دوو مێرمنداڵە، کوڕی خۆی بووە، کردووە و بنەماڵەکەی بەهۆی دەستکورتی و نەداری نەیانتوانیوە بڕی ٧٠٠ میلیۆن تمەن، دیە بە بنەماڵەی سکاڵاکەرانی دۆسیەکەی بدەن و لە ئەنجامدا، لە ڕێکەوتی ٧ی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٩، لە زیندانی سنە حوکمی لە سێدارەدانی جێبەجێ کرا.