لە ساڵی ٢٠١٩ی زایینی، ٢٥٤ کەس لە ئێرانی ئیسلامیدا لەسێدارە دران کە ٣٨ کەسیان کورد بوون

13:05 - 17 بەفرانبار 2719

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ڕاپۆرتی شیکاری- ئاماریدا، ئاماری ئێعدامکراوەکانی ساڵی ٢٠١٩ی زایینیی لە ئێرانی بڵاو کردەوە.

ئەو ئامارە بە پشتبەستن بە سەرچاوەی باوەڕپێکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کۆ کراوەتەوە و هەروەها ناوی ئەو کەسانە بە شێوەی  pdfلە بەردەستی خوێنەراندایە کە دەتوانن بە کرتەکردن لە سەری، ناوی ئێعدامکراوەکان ببینن.

بەپێی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە ساڵی ٢٠١٩:

حوکمی لەسێدارەدانی ٢٥٤ هاووڵاتی لە ساڵی ٢٠١٩ لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بەڕێوە چووە کە لەو ڕێژەیە ٣٨ کەسیان کورد بوون.

سەرەڕای زێدەباری ئەو ٣٨ کەسە، ١٥ کەسی دیکە لە زیندانەکانی کوردستان لەسێدارە دراون کە بەهۆی ناڕوونیی "ئەهلیتـ"ـیان، بە شێوەی جیا لەم ڕاپۆرتە ئاماژەی پێکراوە.

بەم پێیە ٥٣ کەس لە کوردستان ئێعدام کراون کە بە ڕوونی ٣٨ کەسیان کوردن.

لە ساڵی ٢٠١٩ی زایینی لە کۆی ١٢ کەس کە لە شوێنی گشتی ئێعدام کراون: (یاسوج ٣ کەس، کازەروون ٢ کەس، فلاورجان ١ کەس، گوڵستان ١ کەس، جەهروم ١ کەس، هەمەدان ١ کەس، خەنداب ١ کەس، ڕەشت ١ کەس و خومەین ١کەس).

هەروەها سێ زیندانی لە شارەکانی مەهاباد، ماهشەهر و ڕەشت لە پێش چاوی زیندانییانەوە لەسێدارە دراون.

هەروەها چوار کەس لەو زیندانییانە بە تۆمەتی "دەسدرێژی و کوشتنی بەئەنقەست" کە تەمەنیان لەژێر ١٧ ساڵ بوون لە زیندانەکانی عادڵاوای شیراز و دیزڵاوای کرماشان لەسێدارە دراون و بەپێی یاسای نێونەتەوەیی ئەو ٤ کەسە ئێعدام کراوەم بە منداڵ (تەمەن ژێر١٨ ساڵ) دێنە ئەژمار.

١٣ ژن لەسێدارە دراون کە لە ٩ کەسیان بەلووچن و ٤ کەسیان ئەفغانی بوون.

هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا ٦ هاووڵاتیی کورد حوکمی لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە کە یەکێکیان هوشمەنەد عەلی‌پوورە کە لە مانگی بەفرانباری ئەمساڵ بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" بە ئێعدام مەحکووم کراوە.

فەریدوون زاکری نەسب هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری سەرپێڵ زەهاو، لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٧ بە تۆمەتی "هێرشی چەکدارانە بۆ سەر قەوری خومەینی و "زەهرا درەخشانی" خەڵکی خۆی بە تۆمەتی "زێنای مۆحسێنە" بە ئێعدام مەحکووم کراون.