لە ساڵی ٩٧، ٦٢ کەس بە هۆی تەقینەوەی مین بوونەتە قوربانی

15:19 - 5 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: ٦٢ هاووڵاتی لە کوردستان و ئێران بە هۆی تەقینەوەی مین لە ساڵی ٩٧ کوژران و بریندار بوون.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە وێبلاگی \"مین و زندگی\"، ٦٢ هاووڵاتی بە هۆی تەقینەوەی مین لە ساڵی ٩٧ کوژرا و بریندار بوون.

بەپێی ئەو ئامارە، ٦ کەس لە قوربانییانی مین لە ساڵی ٩٧، تەمەنیان لە ژێر ١٨ ساڵ بووە و تەواوی قوربانییان، لە پارێزگاکانی ورمێ، سنە، کرماشان، ئیلام، خوزستان و سیستان و بلوچستان بوون.

لە نێو قوربانییانی تەقینەوەی مین لە ساڵی ڕابردوودا، لە کۆی ئەو ٦٢ کەسە، ٨ کەسییان ژن بوون و ٥٤ کەسی دیکەیان پیاو بوون.

لە کۆی ئەو ئامارە، ٥١ کەس هاووڵاتی مەدەنیی ، ٤ نیزامی و ٧ کەس هەڵگرەی مین، بوون کە لە ساڵی ٩٧ بوونەتەوە قوربانی تەقینەوەی مین.

لە کۆی ئەو ٦٢ کەسەی قوربانییانی تەقینەوەی مین، ١٤ کەس گیانیان لە دەست داوە و ٤٨ کەسی دیکە تووشی برینداری دەس و لاق، چاو و هەروەها تووشی مەوج گرتووی بوون.

لە ڕووداوی تەقینەوەی کەرەستەی شەڕ لە ئێران و کوردستان لە ساڵی ٩٧، ٣٨ مینی زەویینی و هەروەها ٦ دانە کەرەستەی جەنگی نەتەقێندراە، تەقێندراوەتەوە.

دوای تێپەڕینی ٣٠ ساڵ بەسەر شەڕی ئێران و عێراق، مینە بەجێماوەکان بەردەوام قوربانییان لێ دەکەوێتەوە.

بەپێی لێکۆڵینەوە فەرمییەکان، ئێران دووهەمین وڵاتی ئاڵوودە بە مین لە ئاستی دنیا دایە. ٤ میلیۆن و ٢٠٠ هەزار هێکتار لە ئێراندا ئاڵوودە بە مینه کە ١٦ میلیۆن مین مەزندە کراوە.