لە ساڵی ڕابردوودا، ٢١٤ کەس لە سەردەشتدا دەستیان داوەتە خۆکوژی

14:39 - 9 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: ٢١٤ کەس لە هاووڵاتییانی شاری سەردەشت، لە ساڵی ڕابردوودا، بە هۆکاری جۆراوجۆر دەستیان داوەتە خۆکوژی.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ساڵی ٩٧ لە شاری سەردەشتدا، ٢١٤ هاووڵاتی، هانایان بۆ خۆکوژی بردووە و زۆربەی ئەو خۆکوژیانەش هەر لەنێو شاردا ڕوویان داوە.

لە شاری سەردەشتدا، نێونجی تەمەنی ئەو هاووڵاتییانەی دەستیان داوەتە خۆکوژی، لە نیوان ١٥ بۆ ٢٤ ساڵ بووە و زۆرترین ڕێژەی خۆکوژیی هاووڵاتییانی سەردەشتی، بەپێی ئەم ئامارە، ژنان بوون کە سێ قاتی خۆکوژی لەنێو پیاواندا بووە.

بەپێی ئەم ئامارە، زۆربەی ڕووداوی خۆکوژیی هاووڵاتییانی سەردەشت، لەنێو ژنانی خانەدار لەو شارەدا بووە، بەو پێیە، شاری سەردەشت پلەی یەکەمی ئەو خۆکوژییانەی کە بوونەتە هۆی گیان لەدەستدانی هاووڵاتییان لە ئێراندا بۆ خۆی تۆمار کردووە.

دەرئەنجامی خۆکوژیی ئەمڕۆ لە ئێران و کوردستاندا هەر شتێک بێت، شوێنەوارێکی نەرێنیی لەسەر باری دەروونی و ڕۆحیی بنەماڵە و کەسە نزیکەکانی خۆکوژەکە داناوە. بۆ پێشگرتن و کەمکردنەوەی ڕێژەی خۆکوژی کە هەموو کۆمەڵناسان و دەروونناسان تێیدا دۆش داماون، دەبێت هەوڵ بدرێت بۆ پەرەسەندوویی ئابووری، کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری، بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی سیاسی و کۆمەڵایەتی و باوەڕبەخۆبوونی تاکەکەکانی کۆمەڵگا، کە دەتوانێت شوێندانەریی لەسەر کەسەکان ببێت و خۆکوژی کەم بکاتەوە.