لە ساڵی ٧٠ هەتا ٩٨، ٥٢ زیندانیی سیاسی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئێعدام کراون

13:48 - 11 جۆزەردان 2720

بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ لە ساڵی ٧٠ هەتا ٩٨، حوکمی ئێعدام‌کردنی ٥٢ زیندانیی سیاسییان جێبەجێ کردووە.

عوسمان مستەفاپوور؛ زیندانیی سیاسیی کورد لە وتووژێکدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: "لە ماوەی زیندانیبوونی مندا لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، ٥٢ زیندانیی سیاسی ئێعدام کراون".

ئەو زیندانییە سیاسییە هەروەها دەڵێت: "ئەو زیندانییە سیاسییانە بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزیسیۆنی حکوومەتی ئێران و پەیوەندیی لەگەڵ دەوڵەتە دوژمنکارەکان لەلایەن دادگای ئینقلابی ورمێ بە ئێعدام مەحکووم کرابوون".

عوسمان مستەفاپوور لەو وتووژێکدا، لەگەڵ کوردپا ڕایگەیاند: "زیندانییانی سیاسی لە دادگای ئینقلابی ورمێ لە دادگایەکی چەند خولەکیدا، بە ئێعدام مەحکووم و لە کۆی ئەو ٥٢ زیندانییە سیاسییە، ٣٣ زیندانیی سیاسی بە تۆمەتی هاوکاری و ئەندامبوون لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئێعدام کراون".

مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ، عوسمان مستەفاپوور"، زیندانیی سیاسیی کورد، بەهۆی گوشاری ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار، زێدی خۆی بەجێ هێشت.

"عوسمان مستەفاپوور"، پووشپەڕی ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوی لە ناوچەی "تەرگەوەڕ"ی ورمێ دەسبەسەر کرا و دواتر بە تۆمەتی "ئەندامبوونی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران" بە ٢٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

کۆتاییەکانی ساڵی ٩٢ی هەتاوی پاش ٢٣ ساڵ دەسبەسەری، لقی یەکی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "چابۆک"، حوکمی زیندانیی "عوسمان مستەفاپوور"ی بۆ ٣٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری گۆڕی. دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، حوکمی ١٠ ساڵ زیندانیی بۆ ئەو هاووڵاتییە کوردە بەهۆی شەڕکردن لەگەڵ سپای پاسداران بڕییەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی خەزەڵوەری ٩٨، "عوسمان مستەفاپوور" و "محەممەد نەزەری"، پاش ٥٣ ساڵ زیندانی، لە گرتنگەی ناوەندیی شاری ورمێ ئازاد کران.

عوسمان مستەفاپوور ناوی زیندانییانی سیاسیی ئێعدام کراو لە ساڵی  ٧٠ هەتا ٩٨، بۆ ئاژانسی کوردپا ئاشکرا کرد کە بەم چەشنەیە:

ئەحمەد ڕەسووڵی، مەلاجاسم دڵنشین، ئەیووب جەهانگیری، ئەبووبەکر خدری، سەلام قاسمی، شەهابدین یارمحەممەدی، عەوەز، ڕەحیم، محەممەدئەمین، سەنار، حوسێن قولیزادە، خالید بایەزیدی، مەدەنی ئیمامی، ڕەشید بابەکری، سەید ئیبراهیم تاهێری، عەبدوڵڵا ئەمینی، سەید کەریم ڕاج، ئەحمەد خدری، مەجید سڵدوزی، ڕەحمان ڕەجەبی، سەید جەماڵ قورەیشی، خالید شەوقی، حەمزە قادری، ئەنوور جەوانمەردی، جەلیل زیوەیی، قادر شەهامەت، کەریم عەبدوڵڵاپوور، کازم میرزایی، حەسەن سوڵتە، عومەر سوڵتە، حوسێن تورک زبان، پەرویز تورک زبان، مەنسوور ئاروەند، سەلیم سابیرنیا، مستەفا قادری، ئیسماعیل محەممەدی، عەلی ئەفشار، ڕزگار ئەفشار، محەممەد عەبدوڵڵاهی، حەسەن حیکمەت جەمیل، حوسێن خدری، حەبیب گولپەری‌پوور، سیروان نژاوی، بێهروز ئاڵخانی، محەممەد پەنجوێنی، ئەرسەلان چەمچەماڵی، ڕەسووڵ باوەند، خدر مەحموودی، مێهدی قاسم‌زادە، یووسف عەزیز فەتاح، مەحموود زەڵفەقاری و زاهیر مستەفا.