لە ساڵی نوێ، پشکنینی زیندانی دیزل‌ئابادی کرماشان دەستی پێکرد

16:14 - 5 خاکەلێوه 2716
ئاژانسی کوردپا: زیندانی دیزل‌ئابادی شاری کرماشان لە لایەن مەئموورانی گاردی تایبەتەوە لە ناکاو و بەبێ ئیزنی زیندانی پێشکێنرا.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو دا مەئموورانی گاردی تایبەتی زیندانی دیزل‌ئابادی شاری کرماشان، چوونەتە ناو بەندەکانی ئەو زیندانە و دەستیان کردووە بە هەڕەشە لە زیندانیەکان و دەستیان کردووە بە پشکنینی کەرەسە و کەل‌وپەلی زیندانیان.

لە کاتێکدا کە زیندانی دیزل‌ئابادی شاری کرماشان بە کامێرای چاودێری تەنراوە، مەئموورانی گاردی تایبەت لە پێش چاوی کامێراکانەوە بە بیانووی پشکنین، هێرشیان کردووتە ناو بەندە جۆراوجۆرەکانی زیندان.

ئەمە یەکەمین پشکنینی گاردی تایبەتی لە یەکەم ڕۆژەکانی ساڵی نوێ هەتاوییە و پێشتریش لە مانگی ڕەشەمەی ١٣٩٤ی هەتاوی، مەئموورانی زیندانەکانی ئێوین و ڕەجایی شاری کەرەج بەندەکانی ناو زیندانیان پشکنی بوو.

عەلی ئەسغەری جەهانگیری بەرپرسی ڕێکخراوی زیندانەکانی ئێران لەو پەیوەندییەدا گوتبووی، پشکنیەنەکان لە زیندان دەبێ بە هێزەوە دەست پێ بکات و بە شێوەیەک ئێمە دەبێ کارێک بکەین کە پشکنین لە زیندانەکان بە شێوەی ڕووداوێک وەسف نەکردێت و بەردەوامی هەبێت و هەتا هیچ کەسیک نەتوانێت کارێکی نایاسایی لە ناو زیندانەکان ئەنجام بدات.