لە ساڵی ٢٠١٩ لە کوردستاندا، ٢٧ هاووڵاتی بەهۆی تەقینەوەی مین کوژراون و بریندار بوون

11:02 - 24 بەفرانبار 2719

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ڕاپۆرتێکی شیکاری- ئاماری، ئاماری کوژران و برینداربوونی هاووڵاتییانی مەدەنی و ئەندامانی هەڵگرتنەوەی مین لە ساڵی ٢٠١٩ی زایینی لە کوردستان بڵاو دەکاتەوە.

ئەو ئامارە بە کەڵکوەرگرتن لە سەرچاوەی باوەڕپێکراو کە لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا کۆکراوەتەوە و جیاکردنەوەی ئەو ئامارە بە پشتبەستن بە ناونیشانی ئەو کەسانە لەبەر دەستدا بووە و هەروەها  ناوی ئەو کەسانە بە شێوەی pdf لەبەر دەستی خوێنەراندایە و دەتوانن بۆ دیتنی ناوەکان لێرە کرتە بکەن.

بەپێی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە ساڵی ٢٠١٩:

٢٧ کەس لە ساڵی ٢٠١٩ زایینی بەهۆی تەقینەوەی مین کوژراون و بریندار بوون (٢ کوژراو و ٢٥ بریندار).

٢٢ کەس لەو کەسانە هاووڵاتییانی مەدەن بوون کە بەهۆی مینە چێندراوەکان کوژراون و بریندار بوون (٢ کوژراو و ٢٠ بریندار).

لە کۆی ئەو ئامارە  ٢ مێرمنداڵی تەمەن ١٥ و ١٠ ساڵان بوون کە مێرمنداڵە تەمەن ١٥ ساڵانەکە گیانی لەدەست داوە و مێرمنداڵی تەمەن ١٠ ساڵانەکەش بریندار بووە.

هەروەها ٩ کەس لەو کەسانە کۆڵبەر بووە کە لە کاتی کۆڵبەریدا، بەهۆی تەقینەوەی مین کوژراون و بریندار بوون.

هەروەها ٥ کەس لەو کەسانە لە فەرمانبەرانی هەڵگرەوەی مین بوون کە لە کاتی هەڵگرتنەوەی میندا، بریندار بوون.

ئاژانسی کوردپا، تەنیا دوو کەس لەو ٥ کەسە وەکوو هاووڵاتیی کورد پشتڕاست دەکاتەوە.

کوژراو و برینداربوونی هاووڵاتییانی مەدەنی و هەڵگرەوەی مین بەپێی پارێزگاکان بەم چەشنەیە:

پارێزگای ئیلام:١١ کەس

پارێزگای کرماشان: ٥ کەس

پارێزگای سنە: ٨ کەس

پارێزگای ورمێ: ٣ کەس