لە ٤٠ ساڵی رابردوودا، نیوەی بوونەوەرە ئاوی و کێوییەکانی جیهان فەوتاون

20:09 - 8 رەزبەر 2714
ئاژانسی کوردپا: رەوتی لە ناوچوون بوونەوەرە کێوی و ئاوییەکانی جیهان رۆژ لەدوای رۆژ پەرە دەستێنێت و لە ماوەی ٤٠ ساڵی رابردوودا لە سەدا ٣٩ی ئاژەڵەکان لەناوچوونە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ژمارەی ئەو ئاژەڵانەی کە لەلایەن ئینسانەکانەوە لە وشکانی، چۆم، زەریاکاندا راو دەکرێن، گەیشتۆتە ئاستێک کە دابەزینی لە رادەبەدەری ژمارەی بوونەوەرانی بەدوای خۆیدا بێنیت و نەسلی زۆربەی بوونەوەرەکانی بەرەو لەناوچوون بردووە.

سندوقی جیهانیی ژینگەی ئاژەڵی لە راپۆرتێکی توێژینەوەییدا بڵاوی کردۆتەوە، بارودۆخی ئاژەڵ و بوونەوەرەکان لە وڵاتانی لە حاڵی گەشە زۆر لە وڵاتانی گەشەسەندوو خراپترە و هێندێک لە ئاژەڵەکان و بەتایبەت باڵندەکان زیاتر لە ٨٠%یان لە ناوچوونە.

\"22361.jpg\"
زیادبوونی حەشیمەتی جیهان، گەورەبوونەوەی شارەکان هۆکاری لە ناوچوونی بوونەوەران و سەرچاوەکانن و بە گوتەی جاناتان بیلی، بەرپرسی پارێزگاری لە ژینگەی ئەنجومەنی ئاژەڵ‌ناسیی لەندن سەربارەت بە ئەنجامەکانی ئەو لێکۆڵینەوەیە رایگەیاندووە: \"ئەگەر ئەم رەوتە بەردەوام بێت و گۆران بەخۆیەوە نەبینیت، بەکارهێنانی لەرادەبەدەری سەرچاوەکان وەکوو ماسی دەریا، بڕینی خێرای داری لێڕەوارەکان و بەکارهێنانی لە رادە بەدەری ئاوی ژێرزەوی شەڕ و ئاڵۆزی بەدوای خۆیدا دێنیت.

چالاکانی ژینگەپارێزیی کوردیش هۆکارەکانی کەمبوونەوەی ژمارەی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان لە کوردستان بۆ راو کردنی ئاژەڵ و باڵندەکان لە کاتی جووتبوون و بەخێوکردنی بەچکەکانیان، کەمیی ژمارەی مەئمووری ژینگەپارێزی بۆ چاوەدیری بەسەر ژینگەی ئاژەڵیی کوردستان و راو کردنی ئاژەڵان بە مەبەستی رابواردنی کات و نەبوونی سزایەکی توند بۆ راوچییە سەرپێچیکارەکان و هەروەها ئاگر تێبەردانی دارستان و لێڕەوارەکان، دەگەڕێننەوە.

\"22362.jpg\"
بەپێی ستانداردە جیهانییەکان بۆ هەر ١٠ هێکتار زەوی پارێزراو، ٢ کارناس و هەروەها ٤ مەئمووری ژینگەپارێزی پێوستن، بەڵام ئەو ژمارەیە لە ئوستانی کوردستان هیچ پێور و ستانداردێکی بۆ لەبەر چاو نەگیراوە.

بەگوتەی چالاکانی ژینگەپارێزی، راوچییە سەرپێچیکارەکان، لە ئەگەری دەستبەسەرکرانیان، لەلایەن دەزگای قەزاییەوە تەنیا بە بڕە پارەیەکی کەم سزا ئەدرێن و لە ئەنجامدا سەرلە نوێ روو لە راوکردنی نایاسایی دەکەنەوە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان هەنووکە ١٩٢ جۆر باڵندە، ٣١ جۆر ئاژەڵی گواندار، ١٧ جۆر خشۆکە، ١١ جۆر وشکاوی و ١٣ جۆر ماسی لە ئوستانی کوردستاندا شناسایی کراون، کە بەهۆی پیسبوونی ژینگە و ئاو، ئاگر تێبەردرانی دارستان و لەوەڕگەکان بەشێک لەو ئاژەڵانە بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی رابردوو، رووی لە کەمی کردووە.