لە زیندانی ورمێ، هاووڵاتییەکی کورد لەسێدارە درا

21:26 - 13 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: حوکمی لەسێدارەدانی هاووڵاتییەکی کورد لە زیندانی ناوەندیی ورمێ، لەلایەن بەرپرسانی ئەو زیندانەوە جێبەجێ کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کورد بەناوی \"عەلائەدین دیجوهر، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێج‌شەممە، رێکەوتی ١٣ی خەرمانان، کە لە زیندنای ناوەندیی ورمێ لە دەستبەسەریدا بوو، لەسێدارە درا.

سەرچاوەیەک لە نێو زیندانی ورمێ، وێڕای پشتڕاست کردنەوەی هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو هاووڵاتییە کوردە، رایگەیاند؛ \"ئەو هاووڵاتییە کوردە بە \"بازرگانی و ترانزیتی ماددە هۆشبەرەکان بۆ وڵاتی تورکیا\" تۆمەتبار کرابوو.

دەگوترێت، رۆژی رابردوو ئەو زیندانییە کوردە، هاوڕێ لەگەڵ دوو زیندانیی دیکە بەناوەکانی رەسووڵ قەدەم یاری (هاووڵاتیی تورک) و عادڵ کووهی (هاووڵاتیی کورد)، بۆ قەرەنتینەی نێو زیندان گوازرابووەنەوە، بەڵام ئەو دوو زیندانییە بۆ نیو بەندەکانیان گەڕێندرابوونەوە.

بەپێی ئەو راپۆرتەی بۆ ئاژانسی کوردپا نێردراوە، هەنووکە نزیک بە هەزار زیندانی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ (دەریا) چاوەڕێ جێبەجێ کرانی سزای لەسێدارە دران دەکەن، کە زۆربەی ئەو کەسانە بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان حوکمی لەسێدارە درانیان بۆ براوەتەوە.