لە زیندانی ورمێ دوو بەندکراو گیانیان لەدەست دا و ١٠ زیندانیی تر مانیان گرتووە

11:03 - 6 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: دوو زیندانی لە زیندانی ورمێ بەهۆی تووشبوون بە نەخۆشیی ئانفوڵانزاوە گیانیان لەدەست دا و هاوکات ١٠ زیندانیی تر بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە نەبوونی خزمەتگوزاریی تەندروستی، مانیان گرتووە.

دوو زیندانی بە ناوەکانی "عەلی پایا" لە بەندی کرێکاران و "ئەمیر ناجی ‌وەش" لە بەندی ١٤ی زیندانی ورمێ، بەهۆی تووشبوون بە نەخۆشیی ئانفوڵانزاوە و درەنگ گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانە، گیانیان لەدەست دا.

ئەو دوو زیندانییە کە تەمەنیان لە سەرەوەی ٥٠ ساڵ بووە، بە تۆمەتی پەیوەندییدار بە ماددەی سڕکەرەوە لە زیندانی ورمێ ڕاگیرابوون.

لە لایەکی دیکەوە، ١٠ زیندانیی خەوێندراو لە بێهداریی زیندانی ورمێ، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە پچڕانی ئاو و گازی ئەو بێهدارییە، دەستیان دایە مانگرتن.

ماڵپەڕی "هێرانا" لەو بارەیەوە نووسیویەتی: "ڕۆژی پێنجشەممە، ٥ی بەفرانبار، ١٠ کەس لە زیندانییان کە لە بێهداریی ئەو زیندانەدا خەوێندراون، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە پچڕانی ئاو و گازی ئەو بێهدارییە، دەستیان داوەتە مانگرتن".

ئەو سەرچاوەیە شوناسی دوو کەس لە مانگرتووانی ئەو زیندانەی بە ناوەکانی "داوود و بەهادین قاسمزادە" ڕاگەیاندووە و ئەو دوو زیندانییە بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە ژووری تاکەکەسیی نێو زیندان، بریندار بوونە.