لە زیندانی ناوەندیی تەورێز دەستدرێژی جینسی کرایە سەر زیندانییەک

15:14 - 14 سەرماوەز 2712
ئاژانسی کوردپا: سەرچاوەیەک ئاشکرای کرد، لەبەر نەبوونی چاوەدێری و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی گرتووخانەی تەورێز، دەستدرێژی کراوەتە سەر زیندانییەکی ئەو گرتنگەیە.

بەپێی هەواڵێک کە لەناو زیندانی ناوەندیی تەورێزەوە بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا گەیشتووە، چەند رۆژ پێش ئێستا لەبەر کەمتەرخەمی و نەبوونی چاوەدێریی پێویست، زیندانییەک بە ناوی \"ع . ت\" تەمەن ٢٢ ساڵ، لەلایەن ٣١ کەسەوە دەستدرێژی جینسی کراوەتە سەر و بەو هۆیەوە باری تەندروستیی خراپ بووە و رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.

سەرچاوەکە راشیگەیاند: بەندکراوانی کەم تەمەن بەسەر هەموو \"بەند\"ەکاندا دابەش کراون و ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە ناوە بەناوە بە شیوەی بەرچاو دەستدرێژی بکرێتە سەریان.

هەروەها لەلایەکی دیکەشەوە چەند کەسێک و بەهاوکاریی بەرپرسانی ئەو زیندانە بە شێوەی بەربڵاو مادەی هۆشبەر بڵاو دەکەنەوە، هەر ئەوە بۆتە هۆی ئەوەی کە بە ئاشکرا تووشبوان \"تەزریق\" ئەنجام بدەن و ژومارەی تووشبوان بە نەخۆشیی ئییدز لەو زیندانە روو لە زیادبوون بکات.

فۆتۆ: سیتیزن ژوورنالیست