لە زیندانی سنە، دژایەتی لەگەڵ چوونە مەرەخەسیی زیندانییانی سیاسیی کورد دەکرێت

16:17 - 29 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی شاری سنە لە دانی مەرەخەسی بە زیندانیانی سیاسیی کورد، خۆ دەبوێرن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە بەرەبەری هاتنی نەورۆز و ساڵی نوێ، دژایەتی لەگەڵ مەرەخەسیی زیندنایانی سیاسیی کورد لە زیندانی ناوەندی شاری سنە دەکرێت.

کەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنیی کورد، ناسنامەی ٤ کەس لەو زیندانیانەی \"لوقمان مونفەرێدی، نێعمەت ئێسحاقی، پستیوان ئاسم و سەباح خەیات\" راگەیاندووە.

ئەو ٤ زیندانیە سیاسییە کوردە بە تاوانی تەبلیغ و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران زیندانی کراون و هەروەها لە ماوەی ٢ ساڵی رابردووشدا لە مەرەخەسی بێبەری بوون.

لە درێژەی ئەو راپۆرتەدا هاتووە، ئەو ٤ گیراوە سیاسییە لە نامەیەکدا داوای مەرەخەسییان لە بەرپرسی زیندانی شاری سنە کردبوو و هاوکات بنەماڵەی ئەو گیراوانەش بارمتەی ئازادیی رۆڵەکانیان دابین کردبوو، بەڵام لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە پێان راگەیاندراوە کە هیچ بڕیارێک بۆ ناردنە مەرەخەسیی ئەو ٤ کەسە لە ئارادا نییە.

پشتیوان ئاسم خەڵکی شاری کامیاران لە رێکەوتی ١٠ی سەرماوەز سالی ١٣٨٨ لە شاری سەقز دەستبەسەر و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە راگوێزرابوو و دواتریش ١٢ ساڵ زیندانی تەعزیری بۆ بڕایەوە.

\"لوقمان مونفەرێدی\" خەڵکی شاری کامیاران کە لەو شارە دەستبەسەر کرابوو و بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان، لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری سنەوە بە ١١ ساڵ زیندانی تەعزیری حوکم درا و دواتریش لە دادگای پێداچوونەوەدا ئەو حوکمە بۆ ٩ سال زیندانی کەم کرایەوە.

هەرکام لە نێعمەت ئێسحاقی و سەباح خەیات بەڕیز لە ١٣ و ١٤ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٨ لە شاری سنە و کامیاران دەستبەسەر و دواتر بە ٩ و ٦ ساڵ زیندانی تەعزیری حوکم دران.

ئەو ٤ کەسە پاش دەستبەسەر کران ماوەی زیاتر لە ٣ مانگ لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە لە ژێر ئەشکەنجە و لێپرسینەوەی هێزە ئیتلاعاتییەکاندا بوون.