لە زانکۆی کوردستان، یادی قوربانیانی کارەساتی هەڵەبجە و سەردەشت کرایەوە

13:51 - 19 رەشەمه 2714
ئاژانسی کوردپا: لە بەرەبەری ساڵڤەگەری کیمیاباران کردنی شاری هەڵەبجەدا و بۆ رێزگرتن و یادکردنەوە لە قوربانیانی کیمیاباران کردنی شارەکانی هەڵەبجە و سەردەشت، رێوڕەسمێک لە زانکۆی کوردستان بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی رابردوو رێکەوتی ١٨ی رەشەمە، لە تەلاری مەولەویی زانکۆی کوردستان لەشاری سنە، لە رێوڕەسمێکدا و بە وتاربێژیی چەند کەسایەتیی ناسراوەو ئەکادیمیای کورد و هەروەها نیشاندانی گرتەی ڤیدیۆیی پەیوەندیدار لەمەڕ کارەساتی کیمیاباران کردنی سەردەشت و هەڵەبجە، یادی قوربانیانی ئەو کارەساتە کرایەوە.

لە دەستپێکی رێوڕەسمەکەدا، بەرپرسی زانکۆی کوردستان بە دوو زمانی کوردی فارسی باسی لە رووداوی هەڵەبجە کرد و دواتریش دوو کلیپ لەسەر کیمیاباران کردنی هەڵەبجە پیشان دران.

هەروەها لە درێژەدا کورتە فیلمێک لەژێر ناوی \"پۆتینی پێچەوانە\" لەسەر کیمیاباران کردنی شاری سەردەشت پیشان درا و بە وتەکانی دوکتور ئیسکەندەر مورادی، دوکتور مەسعوود بینندە، دوکتور مستەفا جەوانمەردی دوکتورای دەروونناسی، کۆمەلناسی و یاسا لەمەڕ بەرکەوتووانی کیماباران کردنی هەڵەبجە کۆتایی پێهات.

\"25313.jpg\"
لە بەرەبەری ساڵڤەگەری کیمیاباران کردنی شاری هەڵەبجەدا و بۆ رێزگرتن و یادکردنەوە لە قوربانیانی کیمیاباران کردنی شارەکانی هەڵەبجە و سەردەشت، رێوڕەسمێک لە زانکۆی کوردستان بەڕێوەچوو
دەگوترێ لەو رێوڕەسمەدا و هاوکات لەگەڵ یادکردنەوەی قوربانیانی کیمیابارانی سەردەشت و هەڵەبجە، یادی خۆڕاگریی کۆبانی و هەروەها \"شەهیدان\"ی شەنگال و کۆبانیش کرایەوە.

شاری سەردەشت رێکەوتی ٧ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٦ و شاری هەڵەبجەش رێکەوتی ٢٥ی رەشەمەی هەمان ساڵ لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتی ئێراقەوە لە سەردەمی شەڕی ئێران و ئێراقدا کیمیاباران کران.

زۆربەی برینداران و بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی شاری سەردەشت، پاش ٢٧ ساڵ لەو رووداوە، هەتا ئێستاش لە خزمەتگوزاریی پزیشکی و دەرمانی بێبەرین.

هەروەها ژمارەیەک لە شار و گوندەکانی کوردستانی ئێران لە ماوەی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و ئێراق‌دا هێرشی کیمیاییان کرایە سەر، کە سێ شاری نۆدشە (سێ جار) و گوندەکانی زەردە، سەرمیل و دەیرە لە ناوچەی داڵاهۆ لەوماوەیەدا بۆردومانی کیمیایی کران.