لە زانکۆکانی ٣ ئوستانی ئێران، خوێندکارانی کوڕ و کچ لە یەکترجیا دەکرێنەوە

16:08 - 26 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: لە ١٩ زانکۆی ٣ ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، گیلان و یەزد خوێندکارانی کوڕ و کچ لە یەکتر جیا دەکرێنەوە.

هەواڵدەریی \"فارس\" لە زاری \"عەلی ئەکبەر موتەکان\"ـەوە بڵاوی کردەوە، لە ساڵی نوێی خوێندندا لە ئوستانەکانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، گیلان و یەزدلە سەر بڕیاری وەزارەتی \"علوم\" ١٤ زانکۆ بۆ خوێندکارانی کچ و ٥ زانکۆش بۆ خوێندکارانی کوڕ تەرخان دەکرێت.

جێگری بەرپرسی بەشی بەرێوەبەرایەتیی وەزارەتی \"علوم\" راشیگەیاندووە، زانکۆی \"بوعەلی سینا\"ی \"هەمەدان\" ناوەندی پەروەردەی کوهدەشت لە زانکۆی لوڕستان، زانکۆی \"ئەلزەهرا\" و \"مەعسوومە\"ی تاران و چەندین زانکۆی دیکە لە شارەکانی میناب، سیمنان و خۆراسان تایبەت بۆ خویندکارانی کچ تەرخان دەکرێت.

ئەو بەرپرسە راشیگەیاندووە، ناوەندەی پەروەردەی بالا لە شارەکانی \"پولدوختەر، نووراباد، محەلات و کاشمەر\" وەک دامەزراوەیەکی یەک رەگەزی تایبەت بە کوڕان تەرخان کراوە.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ٦٣%ی خوێندکاران لە زانکۆکاندا، کچان پێکی دێنن.

کارناسانی کۆمەڵایەتی لەسەر ئەو باوەڕەن کە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بەتایبەتی لە دەورانی سەرکۆماریی ئەحمەدی‌نه‌ژاد دا، بە شێوەیەکی ئامانجدارو سیستماتیک سیاسەتی دوورخستنەی ژنانی لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی‌و سیاسی‌دا بردۆتە پێش، کە ئەمەش وردەوردە دوورکەوتنەوەی ژنان لە بازاڕی کاریشی‌لێ‌کەوتۆتەوە.