لە زاخۆ شانۆیەك لەسەر ژیانی "فەرزاد كەمانگەر" بەرهەم هێنرا

13:47 - 27 سەرماوەز 2711
كوردپا: گرووپێكی شانۆ لە شاری زاخۆ ژیان و خەباتی فەرزاد كەمانگەری كردۆتە شانۆیەك و بەیانی لەو شارە پیشان دەدرێ‌.

گرووپی شانۆی \"میترا\" لە شاری زاخۆ بە كۆ كردنەوەی وێنە و دیكیۆمێنت، نامە و نوسراوەكانی فەرزاد كەمانگەر شانۆیەكیان لەژێر ناوی \"ئاوا بوونی ئەستێران، مزگێنیی هەڵاتنی خۆرە\" لەسەر ژیان و خەباتی ئەو مامۆستا ئیعدام كراوەی كورد ساز كردووە.

راڤۆ شەریف، هونەرمەندی شانۆكار و ئەكتەری سەرەكیی ئەو شانۆیە لە پێوەندییەكدا بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپای راگەیاند\": ئێمە بە مەبەستی زیندوو كردنەوەی ژیان و خەون و ئاواتەكانی شەهید فەرزاد كەمانگەر دەستمان دایە ئەم كارە و ئامانجمان ناساندنی خەباتی ئەو مامۆستایە بە ناوچەكانی دیكەی كوردستان\".

راڤۆ شەریف وتیشی:\" ئەم شانۆیە كە پەنجا خولەكە و دوو ئەكتەری سەرەكیی واتە، خۆم رۆڵی فەرزاد دەگێڕم و ئەكتەرێكی دیكە بەناوی \"بێوار ئەكرەم\" رۆڵی رۆحی فەرزاد دەگێڕێت و بڕیارە بەیانی رێكەوتی 28سەرماوەز لە شاری زاخۆ پیشان بدرێت\".

شانۆی \"ئاوا بوونی ئەستێران، مزگێنیی هەڵاتنی خۆرە\" نووسین و دەرهێنانی، هونەرمەندی شانۆكار \"كاوان كەرەم\"ە كە دەرچووی بەشی شانۆی كۆمەڵەی هونەرە جوانەكانی دهۆكە.

\"ravo-sharif-1.jpg\"
راڤۆ شه‌ریف

راڤۆ شەریف ئاماژەی بەوەش دا كە، گرووپی شانۆی \"میترا\" گرووپێكی نەتەوەییە و یەك ساڵە لەلایەن كۆمەڵێك گەنج و هونەرمەندی شانۆكارەوە لە شاری زاخۆی دامەزراوە.

فەرزاد كەمانگەر مامۆستای ئیعدام كراوی كورد كەلە ساڵی 1386ەوە لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی ئێرانەوە بە تاوانی چالاكیی سیاسی گیرابوو، 19ی بانەمەڕی ساڵی 1389ی هەتاوی لە لایەن حكومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە زیندانی ئێوین هاوڕی لەگەڵ \"فەرهاد وەكێڵی، عەلی حەیدەریان، شیرین عەلەم هوولی و فەرهاد ئیسلامیان\" لە سێدارە دران.