لە كرماشان دەست بەسەر زیاتر لە هەزار كیلۆ مادەی هۆشبەردا گیرا

19:32 - 3 بەفرانبار 2711
كوردپا: لە سەرەتای ساڵەوە هەتا ئێستا زیاتر لە یەك تون جۆری مادەی سڕكەر لە پارێزگای كرماشان لەلایەن هێزی ئینتزامییەوە زەوت كراوە.

لێپرسراوی شۆرای هاوئاهەنگیی خەبات بە دژی مادەی سڕكەری پارێزگای كرماشان رایگەیاند، بەشێكی بەرچاو لەو مادە سڕكەرانەی كە دەستی بەسەردا گیراوە تریاكە و وتیشی، سەرەڕای ئەوەی لە حاڵی حازردا زۆر مادەی دیكەش هاتۆتە بازارەوە، بەڵام لە پارێزگای كرماشان تووشبوان بە مادە سڕكەر زیاتر تریاك بەكار دەهێنێن.

مەسعوود محەممەدی، لە لێدوانێكدا بۆ هەواڵدەریی ئیسنا ئاشكرای كردووە، لە كۆی گشتیی ئەو هەزار كیلۆ مادە هۆشبەرە زەوت كراوە، نزیك بە70 كیلۆی لە جۆری شیشە و كراك بوون.

محەممەدی لە درێژەی لێدوانەكەیدا وتیشی، لە 9 مانگی رابردووە هەتا ئێستا زیاتر لە5500 كەس بە تاونی كڕین و فرۆشی مادە سڕكەرەكان لە پارێزگای كرماشان دەستبەسەر كراون.

بە وتەی ئەو لێپرسراوە، هەتا كۆتایی ئەمساڵ كەمپێك بۆ تاونبارانی مادە سڕكەرەكان لە ماهیدەشت دادەمەزرێنین كە رێوشوێنێكی توندوتۆل تێیدا حاكم دەبێت.

مەسعوود محەممەدی هۆكاری درووست كردنی ئەو كەمپەی گەڕاندەوە بۆ جیا كردنەوەی كەسانی تووشبوو بە مادە سڕكەرەكان لەگەڵ تاوانبارانی دیكە.