لە دەورووبەری ورمێ‌ لە قوتابخانەكان پارە لە قوتابیان وەردەگیرێ‌

13:17 - 14 سەرماوەز 2712
ئاژانسی كوردپا: لە شارۆچكەی \"دەزێ‌ مەرگەوەڕ\"ی سەر بە شاری ورمێ،‌لەلایەن لێپرسراوانی خوێندنگەیەكەوە بۆ دابین کردنی سووتەمەنی بۆ گەرم كردنی پۆلەكان پارە لە قوتابیان وەردەگرن.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە خوێندنگەی \"خەیام\" لە شارەدێی \"دزێ\"ی سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ‌، لێپرسراوانی قوتابخانە بە فەرمانی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان بۆ گەرم داهێنانی پۆلەكان پارە لە منداڵان وەردەگرن.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە هەواڵنێری كوردپای راگەیاندووە، بە قوتابیانیان راگەیاندووە كە دەبێ‌ هەر قوتابییەك بڕی 10 هەتا 15 هەزار تمەن پارە بدات.

\"10006.jpg\"
ئەو كارەی ئیدارەی پەروەدە و بارهێنانی ورمێ‌ لە كاتێك دایە كە خوێندنگەی \"خەیام\" لەلایەن خەڵكانی خۆجێ و دەستڕۆیشتووی ئەو ناوچەوە ساز كراوە.

لەلایەن دانیشتوانی ئەو ناوچەیەوە ئەو كارەی حكوومەت بە زەخت و گوشارهێنان بۆ خەڵك لە قەڵەم دراوە.

پێشتریش لە شارەكانی مەریوان و بۆكان كاری لەم چەشنە كراوە و بە زۆری پارە لە قوتابییان وەرگیراوە.