لە دێهلوڕان بڕیاری \"فرە منداڵی\" كێشەی بۆ باوکێک دروست كرد

00:47 - 12 بەفرانبار 2714
ئاژانسی كوردپا: كرێكارێكی كوردی دێهلوڕانی كە بەشێوەی وەرزانەش كار دەكات بە كێشەی ئابووری و پشتیوانی نەكردنی لەلایەن ناوەندە دەوڵەتییەكانەوە، توانای بەخێو كردنی منداڵەكانی نییە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، تێچووی زۆری بژێویی ژیان و بێ‌ دەرامەتی باوكێكی دێهلوڕانی كە بەم دوایانە بۆتە خاوەنی سێ‌ كچی (لفە سیانە \"سە قلو\") ناچار كرد ملكەجی ئیدارە وناوەندە دەوڵەتییەكان بێت.

ئەو هاووڵاتییە كوردە كە خاوەنی بڕوانامەی كارناسییە بە هۆی داخرانی ئەو كۆمپانیای كە كاری تێدا دەكرد، بێكار بووە و تەنانەت توانای دانی كرێ‌ خانووەكەی نییە.

جلوبەرگ و شیری ویشك بۆ وێنە لەو پێداویستیانەن كە بۆ \"حوجەت نەزەری\" مانگانە نزیك بە ٦٠٠ هەزار تمەن تێچووی هەیە و بەم هۆیەوە هەواڵدەریی ئیرنا داوای لە بەرپرسانی ئوستانی ئیلام كردووە كە بە هانای ئەو هاووڵاتییەوە بچن.

لە سەرەتای ساڵی ٩٣وە هەتا ئێستا، ١٢٥ حاڵەتی لەدایك بوونی جمك لە ئوستانی ئیلام تۆمار كراوە كە لە كۆی گشتیی ئەو رێژەیە، ١٢١ حاڵەتیان دوانە و ئەوانی دیكەش سێ‌ و چوار قلوو بوونە.

بڵاو بوونەوەی ئەو راپۆرتە لەحاڵێكدایە کە بەرپرسانی پایەبەرزی حكوومەتی بۆ وێنە رێبەر و بەرپرسی دەزگای بەڕێوەبەریی، داد و قەزایی جەختیان لە سەر منداڵی زیاتر لەنێو بنەماڵەكاندا كردبوو.

بەربەست دروست نەكردن بۆ فرە منداڵی، بردنە سەر و زیاد كردنی تێچووی منداڵ پارێزی، لابردنی بەرەبەستی بیمە كۆمەڵایەتی بۆ منداڵی پێنجەم و دانی قەرز بە خاوەن بنەماڵەكان بۆ ماوەی ١٠ ساڵ لەو هەوڵ و یاسایانەن كە حكوومەتی ئێران بەمەبەستی فرە منداڵی وەكوو خزمەتگوزاری پێشكەش بنەماڵەكانی كردووە.

عەسەل، غەزەل و سامیار ناوی ئەو سێ‌ منداڵە لفە سیانەن، كە بێكار بوونی باوكیان، داهاتووی ئەوان دەخاتە مەترسییەوە.