لە دوو ڕۆژدا چوار لاوی کورد لە ئاودا خنکان

15:53 - 30 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: سێ لاوی کورد خەڵکی شاری سەردەشت کە بۆ سەیران و گەشتیاری چوونە ڕووباری زێ ، لە کاتی مەلەکردندا خنکان.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی پووشپەڕ، سێ لاوی خەڵکی گوندەکانی شاری سەردەشت لە نزیک گوندی نیسک ئاوا، بە هۆی ناشارەزایی لە مەلەکردن لە ئاودا خنکان.

شوناسی ئەو سێ لاوە سەردەشتیە بە \"هادی مەلەکاری\" تەمەن ١٨ ساڵ،\"سەلیم عەبدولی\" تەمەن ١٧ ساڵ و \"ئیحسان بریاجی\" تەمەن ١٩ ساڵ ڕاگەیەندراوە.

ئەوسێ لاوە کوردە خەڵکی گوندکانی \"گۆڕانەگان\"، \"زوران\" و \"بێزیلە\"ی سەر بە شاری سەردەشت بوون.

ئەو سێ لاوە کوردە پاش دوو کاتژمێر تەرمەکانیان لە ئاودا دۆزرایەوە.

هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە بۆ سەیران و گەشت کردن چبوونە ڕووباری زێ و تووشی ئەو ڕووداوە هاتوون.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی پووشپەڕ، وەرزشوانێکی کورد و ڕاهێنەری تیمی کاراتەی ئیندرقاش بە ناوی فەرزاد قەنبەری لە کاتی مەلەکردن بە هۆی ناشارەزایی لە ئاودا خنکا.