لە دوو سنووری بانە، سێ کۆڵبەر بوونە قوربانیی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان

16:22 - 10 سەرماوەز 2721

دەسرێژییە ڕاستەوخۆکان و ئاگادارنەکردنەوەی پێشووی کۆڵبەران لەلایەن ‌هێزە نیزامییەکانی حکوومەتییەوە، سێ کۆڵبەری دیکەی بانەیی کردە قوربانی.

شەوی ڕابردوو ٩ی سەرماوەز، لە ئاکامی تەقەی هێزە نیزامییەکان حکوومەتی ئێران جێگر لە پایگای "زەڵێ" لە سنووری چۆمانی شاری بانە، دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی "عادڵ عەلیپوور" و "یاسین ئەمین‌پوور"، خەڵکی گوندی "سەرسۆڵـ"ـی ئەو شارە، کوژرا و برینداربوون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لەو ڕووداوەدا "عادڵ عەلیپوور" کوڕی "عەلی"، گیانی لەدەست داوە و "یاسین ئەمین‌پوور" لاقی بە توندی بریندار بووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو، ئەو کۆڵبەرە بریندارە بۆ چارەسەرکردنی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی بانە، کراوە.

لەو پەیوەندییەدا و لە سنوورێکی دیکەی بانە، شەوی سێشەممە ٩ی سەرماوەز، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "فەرەیدوون محەممەدی" کوڕی "حوسێن"، تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵکی گوندی "گوێزڵێ" سەر بە بانە، لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران بریندار کرا.

تەقەی هێزە نیزامییەکان، تەقینەوەی مین، بەربوونەوە لە بەرزایی، ڕنوو و سەرمابردوویی، لە هۆکارەکانی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران، بە ئەژمار دێت.