لە دوو زیندان‌دا ٩ هاووڵاتیی کورد ئێعدام کران

15:17 - 8 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: حوکمی ئێعدامی ٩ زیندانیی کورد لە لایەن ڕێکخراوی زیندان و هەوڵە دابین‌کەرەکانی سەر بە دەزگای قەزایی حکومەتی ئیسلامیی ئێران، جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ٨ی ڕەزبەر لە زیندانی ناوەندیی ورمێ، ٨ کەس ئێعدام کران کە سەرجەم ئەو زیندانیانە کوردن.

لە نێو ئەو ئێعدامیانەدا ژنێکیش بە شوناسی ملوک نووری کە خەڵکی کرماشانە دەبینرێت.

\"ملوک
ملوک لەگەل هاوسەری خۆی بێهنام
هەواڵنێری کوردپا وێڕای پشتڕاست کردنەوەی بەڕێوەچوونی ئێعدامی ئەو زیندانیانە، شوناسی ٧ کەسی دیکەی بە ناوەکانی بێهنام پیرکوهزادگان کوڕی زاهید (هاوسەری ملوک)، کەرەم کەڵەشی، کوڕی عەلی خەڵکی گوندی گوجار، ڕەزا عەبداڵ‌زادە (کرێت)، کوڕی حوسێن خەڵکی گوندی بەردەڕەش، ئیسماعیل ئەیوبی‌جێرمی خەڵکی گوندی بەند، قادر مەحموودی، ئەفەندی عومەری کوڕی فارس و عەبدولڕەحمان عومەرزادە، کوڕی حاج کەرەم ڕاگەیاندووە.

دادگای ئینقلاب چەند ساڵ پێش ئێستا ئەو هاووڵاتیانەی بە تۆمەتی \"قاچاغی ماددە سڕکەرەکان\" تاوانبار کردووە.

ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە تەرمی ئەو ئێعدام‌کراوانە ڕادەستی بنەماڵەکانیان کراوەتەوە، بەڵام سەرچاوە هەواڵدەرییەکان لە وتووێژێکی کورتدا لەگەڵ کوردپا ڕایگەیاند کە؛ شەوی ڕابردوو ئەندامانی بنەماڵەی ئێعدام‌کراوەکان لە بەرانبەر زیندانی \"دریا\"، لەگەڵ مەئمورانی یەگانی ویژە توشی تێکهەڵچوون بوونە و تەقەش کراوە.

\"رضا
ڕەزا عەبداڵ‌زادە (کرێت)
هەروەها ڕۆژی ڕابردوو بەرپرسانی زیندانی خوڕڕەم‌ئاباد لە پارێزگای لۆڕستان، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری مەهابادیان ئێعدام کرد.

عەبدوڵڵا محەممەدزادە شوناسی ئەو زینداییە ئێعدام کراوەیە کە تەرمەکەی ئەمڕۆ ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە و ناوبراو بە کڕین و فرۆشتنی ماددە سڕکەرەکان تۆمەتبار کراوبوو.

لە ماوەی ٢٠ ڕۆژی ڕابردوودا نزیک بە ٤٠ زیندانی لە ئێران ئێعدام کراون کە حوکمی زۆربەی ئەو کەسانە پەیوەندی بە تاوانی ماددە سڕکەرەکانەوە بووە.

\"اجساد
تەرمەکان ئەمڕۆ ڕادەستی بنەماڵەکانیان کراوەتەوە
ساڵی ڕابردوو لێبووردنی نێونەتەوەیی سەبارەت بە \"بەرزبوونەوەی زۆر\"ـی ڕێژەی ئێعدامەکان لە ئێراندا نیگەرانیی خۆی دەربڕی و ئەو دادگایانەی کە ئەم حوکمانە دەر دەکەنی بە \"ناسەربەخۆ و لاگیر\" وەسف کرد.

بە گوتەی ئەو ڕێکخراوە، ئێران ساڵی ڕابردوو، پاش چین دووهەمین وڵات لە بواری ئێعدامدا بووە.