لە داڵاهۆ ٥ کەس لە بۆسەی هێزە نیزامییەکاندا کوژران

20:38 - 26 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: لە ئەنجامی تێکهەڵچوونی هێزە نیزامییەکانی جێگیر لە ئوستانی کرماشان لەگەڵ هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پ.ک.ک)، ٥ کەس گیانیان لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە ئێوارەی رۆژی سێ‌شەممەی ئەم حەفتەیە لە نێوان بەرزاییەکانی شاری تازاوا (سەلاسی باوەجانی) و کرندی رۆژئاوا (داڵاهۆ) تیمێکی ٧ کەسیی گریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان – تورکیا، لەگەڵ چەند چەکدارێکی خۆجیی ناوچەکە تووشی تێکهەڵچوون هاتوون.

هێزە چەکدارەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، لەژێر ناوی \"پارتی ژیانی ئازاد (پژاک)دا لە کوردستانی ئیران چالاکی دەکەن.

شایەتحاڵێک وێرای پشتڕاست کردنەوەی هەواڵی تێکهەڵچوونی نێوان هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان، رایگەیاند؛ هێزەکانی پ.ک.ک چوونەتە سەر کارخانەی بەرهەمهێنانی قیرتاوی قەندیل‌سازی کوردستان و داوای یارمەتیی ماڵییان لە خاوەنی ئەو کارخانەیە کردووە، بەڵام داواکەیان لەلایەن کرێکارانی کارخانەکەوە رەت کرایەوە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا گوتیشی؛ کاتێک داوکاریی گریلاکان بێ ئەنجام مایەوە، گریلاکان دوو کەس لە نزیکانی خاوەن کارخانەکەیان بەناوەکانی سامان رەحیمی و حەمید داوەری لەگەڵ خۆیاندا بردووەو کاتێک کەوتوونەتە بۆسەی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە، سامان رەحیمی بەهۆی بەرکەوتنی گولـلەوە گیانی لەدەست داوە.

روونیشی کردەوە، (حەمید داوەری)ش لەو تێکهەڵچوونەدا دوو گولـلەی بەر کەوتووەو بە توندی بریندار بووە.

هەواڵنێری کوردپا لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە لە کرندی رۆژئاوا، رایگەیاند؛ لە ئەنجامی ئەو تێکهەڵچوونەی رۆژی ٢٤ی پووشپەڕدا، ٤ گریلا گیانیان لەدەست داوە و ئەو سێ گریلایەی دیکەش لە ناوچەکەدا پەرتەوازە بوونە.

دوو برای کوردی خەڵکی شاری سنە بەناوەکانی باقر و رەزا یووسفی خاوەنی کارخانەی بەرهەمهێنانی قیرەتاوی قەندیل‌سازی کوردستانن، کە خزمایەتیی نزیکیان لەگەڵ حەمید داوەری و سامان رەحیمی هەیە.

میدیاکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران هەواڵی ئەو تێکهەڵچوونەیان لە ناوچەی کرماشان بڵاو کردۆتەوە و گریلاکانی پارتی کرێکارانیان بە \"اشرار مسلح(رێگر و چەتەی چەکدار)\" وەسف کردووە.

هەواڵدەریی فارس نووسیویەتی، لەو تێکهەڵچوونەدا ٥ کەس کوژراون، بەڵام لە بڵاو کردنەوەی شوناسی ئەو کەسانە خۆی بواردووە.