لە دانیشتنی شۆرای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات کرا

15:15 - 24 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران-ژنێف، لە ٣٩هەمین دانیشتنی شۆرای مافی مرۆڤی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، هێرش بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی مەحکووم کرد.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران-ژنێف، لە ٣٩هەمین دانیشتنی شۆرای مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی داوای کرد، کە لە پەیوەندیی لەگەڵ مووشەکبارانی بنکەکانی حیزبی دێموکرات هەڵوێستی خۆی ڕوون بکاتەوە.

تەیموور ئەلیاسی، نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران-ژنێف، لەو دانیشتنەدا، وێڕای مەحکوومکردنی مووشەکبارانی سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات، ئەم هەوڵەی حکوومەتی ئێرانی بە پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا و ڕێسا نێونەتەوەیییەکان و کۆنوانسیۆنی ژنێف لە قەڵەم دا.

هەروەها، نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران-ژنێف، داوا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، کە پێش بە هەوڵە توندوتیژییەکانی حکوومەتی ئێران بگرن.

ڕۆژی ١٧ی خەرمانان، بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە شاری کۆیە لە خاکی هەرێمی کوردستان، لە لایەن سپای پاسدارانەوە مووشەکباران کرا و لەو مووشەکبارانەدا ١٥ کادر و پێـشمەرگە گیانیان لە دەست دا و ٤٠ کەسیش بریندار بوون.