لە تێکهەڵچوونەکانی پارێزگای کرماشاندا ٨ کەس لە هێزەکانی حکوومەت کوژراون

20:48 - 27 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی کوردپا: لە ئەنجامی دوو تێکهەڵچوونی جیاجیادا، کە شەوی دووشەممەی ئەم حەوتووە لە کرماشان و جوانڕۆ هاتە ئاراوە، ٨ کەس لە هێزە سەربازی و ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانیش کوژران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە حاڵێکدا کە سەرچاوە حکوومەتییەکان باس لە کوژرانی چەندین چەکداری بەستراوە بە گرووپە ئیسلامگەراکان (داعش)، لە پاش دوو تێکهەڵچوون دەکەن، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵدەریی کوردپای ڕاگەیاندووە کە؛ لەم تێکهەڵچوونانەدا، ٨ کەس لە هێزەکانی حکوومەتیش کوژراون، بەڵام سەرچاوە هەواڵدەرییەکانی سەر بە حکوومەت، ئامادە نین باسی لێوە بکەن.

بەپێی ئەم هەواڵە، شوناسی کوژراوەکانی حکوومەت ئاشکرایە و بەشێکن لە پێرسۆنێلی هێزی \"ناجا\" لە کرماشان.

هەر لەم پێوەندییەدا و لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا، سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند؛ چەکدارە کوژراوەکانی کرماشان، کۆمەڵێک زیندانی بوون کە لە سێناریۆیەکی لەپێشدا داڕێژراو، ئەوانیان لە ماڵێکدا حەشار داوە و پێیان وتوون کە مانۆرێک دەدەین و دواتر ئازاد دەکرێن، بەڵام لە ڕەوتی مانۆڕەکەدا، بەڕاستی دەیانکوژن، تاکوو بەم شێوەیە دەرەتانی سەرکوتی زیاتر و سازکردنی دۆخی ترس و تۆقاندن بۆ خۆیان بخوڵقێنن و وا بنوێنن کە مەترسیی شەڕی شێعە و سوننی بوونی هەیە.

هەروەها هەواڵدەرییەکانی حکوومەت، کۆمەڵێک وێنەیان بڵاو کردۆتەوە کە گوایە وێنەی کوژراوەکانی ئەم تێکهەڵچوونانەیە، بەڵام ئەم وێنانە پێشتریش لە ڕێکەوتی ٢٦/٥/١٣٩٤، لە ماڵپەڕی \"هەواڵدەریی کۆماری ئیسلامی\" لە ژێرناوی کوژراوانی داعش، لە تێکهەڵچوونێک لە لوبنان بڵاو کرابوویەوە .

لە چەند حەوتووی ڕابردوودا، و بەتایبەت پاش هاتنە ئارای تێکهەڵچوونی نێوان پێشمەرگەکانی کوردستان و هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە چەند شوێنی کوردستان، لێپرسراوان و ناوەندە قەزایی و ئەمنیەتییەکانی حکوومەت، دەستیان داوەتە دەستبەسەرکردنی بەربڵاو، و بەردەوام هەواڵی پێوەندیدار بە ئەگەری شەڕی فیرقەیی و مەزهەبی لە کوردستان بڵاو دەکەنەوە.

هەندێک لە چالاکانی سیاسیی کورد، ئەمە بە سیاسەتێک بۆ بەلاڕێدا بردنی ڕاستییەکانی کوردستان و حاشاکردن لە گرینگیی پرسی نەتەوەیی لە ئێران و کوردستان لەقەڵەم دەدەن.