لە تیکابدا، ٧٦ کچ بە هۆی نەبوونی پشتیوانیی ماڵی، لە خوێندن بێبەرین

16:30 - 16 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە بەرپرسانی حکوومەت لە شاری تیکابی سەر بە پارێزگای ورمێدا، باسی لە بوونی ٧٦ کچ کرد کە بەهۆی نەبوونی پشتیوانیی ماڵی، لە خوێندن بێبەرین.

هەواڵدەریی حکوومەتیی \"ئیرنا\"، لە زاری فەرمانداری شاری تیکاب، بڵاوی کردەوە کە بەهۆی دەستکورتی و نەبوونی پشتیوانیی ماڵی، ٧٦ کچ لە گوندەکانی ئەو شارەدا، لە خوێندن بێبەرین.

بە وتەی \"عەلی موکەڕەمی\"، ئەو کچانە تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵە و بەهۆی دەسکورتیی بنەماڵەکانیانەوە نەیانتوانیوە بخوێنن. هۆکاری ئەم بێبەریەش بۆ کێشەی دەسکورتی و هەروەها دۆخی نالەباری جەستەیی گەڕاندەوە.

بە وتەی فەرمانداری شاری تیکاب، ئەو ٧٦ کچە، خەڵکی گوندەکانی \"گوێخاج، چۆپلی، ئاغەرە، قۆجە، قزقاپان و ئەحماوا\"ن.

بەپێی بەرنامەی پێنجەمی پەرەپێدان، هەتا کۆتاییەکانی ساڵی ٩٤ی هەتاوی، دەبێ دیاردەی بێکاری لە ئێران بنبڕ بکرێت، بەڵام ڕێکخراوی بازڕەسیی گشتیی وڵات لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە سەرەڕای ڕەوتی کەمکردنەوەی نەخوێندەواریی ئێران، ٧٥ ساڵی دیکە دەتوانین نەخوێندەواری بنبڕ بکەین.