لە بەرەبەری هەڵبژاردنەکاندا، گوشار دەخرێتە سەر بنەماڵەی چالاکانی سیاسیی کورد

15:31 - 27 بانەمەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکانی کامیاران و پاوە، بنەماڵەی چالاکانی سیاسیی کورد لەو دوو شارەیان بانگهێشتی ئەو ناوەندە ئەمنیەتییە کردووە و لێپرسێنەوەی لەگەڵ کردوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵذەریی کوردپا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری کامیاران هێرشیان کردە سەر ماڵی باوکی چالاکێکی سیاسی و پاش گەڕان و پشکنینی ئەو ماڵە، هێندێک کەرەستەی شەخسی وەکوو مۆبایل، کامپیوتێر و هەروەها چەند بەرگ کتێبی برای ئەو چالاکە سیاسیەیان لەگەڵ خۆیان بۆ ئەو ناوەندە ئەمنیەتییە بردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش پشکنینی ماڵی باوکی ئەو چالاکە سیاسییە، هەڕەشەیان لەو بنەماڵەیە کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، ئیدارەی ئیتلاعات باوک و دایکی ئەو چالاکە سیاسییەیان بانگهێشت کردووە و پێیان ڕاگەیاندوون کە دەبێ کوڕەکانیان کە لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێ بوون، بهێننەوە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا گوتی: هێزە ئیتلاعاتییەکان هەڕەشەی دەستبەسەر و زیندانی کردنی لە بنەماڵەی چالاکانی سیاسیان دەکەن.

لە لایەکی دیکەوە، بەپێی هەواڵی نێردراو بۆ ئاژانسی کوردپا، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری پاوە، بنەماڵەی چالاکێکی سیاسیی خەڵکی ئەو شارەیان بانگهێشت و هەڕەشەیان لێ کردوون.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەو سەرچاوەیە، هێزە ئیتلاعاتییەکان داوایان لەو بنەماڵانە کردووە کە؛ کوڕەکانیان درێژە بە کاروباری سیاسی لە دەرەوەی وڵات نەدەن.

لە بەرەبەر و پاش هەر دەورەیەک لە هەڵبژاردن لە ئێران،چالاکانی سیاسی و بنەماڵەکانیان لەلایەن دەزگاکانی قەزایی و ئەمنیەتیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەکەونە ژێر گوشار و ئازار و ئەزیەت، کە لە کوردستاندا ئەو جۆرە هەڵسوکەووتە،بەرچاوتر، بەرفراوانتر و سیستماتیکتر لە باقی پارێزگاکانی ئێران بەڕێوەدەچێت.