لە بەرەبەری هەڵبژاردنەكاندا ژمارەی بڵاڤۆكەكانی كوردستان روویان لە زیاد بوون كردووە

15:32 - 5 بەفرانبار 2711
كوردپا: بە بۆنەی نزیك بوونەوە لە هەڵبژاردنەكانی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران، لە دوو مانگی رابردووە هەتا ئێستا ژمارەی بڵاڤۆكەكانی كوردستان روویان لە زیاد بوون كردووە.

هەواڵدەریی میهر بڵاوی كردەوە، كەڵك وەرگرتن لە سەرجەم ئیمكانات بۆ ناساندن و تەبلیغات كردن بۆ پاڵێوراوانی مەجلیس یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی هەڵبژاردنە و كوردستانیش لەو هەڵبژاردنانەدا بێبەری نەبووە و لە هەر قوناغێكدا شێوازی جوراوجۆر بۆ تەبلیغات كردن لەبەرچاو گیراوە.

كەڵك وەرگرتن لە رێكلام كردن لە رێگای بڵاڤۆكەكانەوە لە كوردستان لە بەرەبەری هەڵبژاردنەكاندا دەبێتە شتێكی باو و هەموو ساڵێكیش لەو كاتانەدا ژمارەی بڵاڤۆكەكان روو لە زیاد بوون دەكات و دوای كۆتایی هاتنی هەڵبژاردن مۆڵەتی ئەو بڵاوكراوانە هەڵدەوەشێنەوە.

لە سەرەتای ساڵدا مۆڵەتی وەشانی زیاتر لە ١٠ بڵاڤۆك تەنیا بۆ پاێزگای كوردستاندا دەرابوە، بەڵام هەتا ئێستا دوو بڵاڤوك بە ناوەکانی \"ئاوای ماد و هێز\" لە كۆی گشتیی ئەو 10 بڵاوكراوە مۆڵەتیان پێدراوە و بڵاو كراونەتەوە.

چەند رۆژ لەمەوبەر لە مەریوان مۆڵەتی چاپ و بڵاو كردنەوەی گۆڤارێكی وەرزی بە دوو زمانی كوردی و فارسی بە ناوی \"گەشە\" وەرگیراوە .

لە پارێزگای كوردستان مۆڵەتی چاپی 34 بڵاڤۆك دەركراوە، بەڵام لە كۆی گشتیی ئەو رێژەیە تەنیا 10 بڵاڤوك چاپ و بڵاو دەكرێنەوە.

لە ساڵی 137٦وە تەنیا یەك حەفتەنامە بە شێوەی رێكوپێك لە كوردستان بڵاو بۆتەوە كە ئەویش حەفتەنامەی \"سیروان\"ە کە سەر بە رێكخراوی شارەوانییەكانی كوردستانە و لەلایەن ئەو ناوەندەوە چاوەدێری دەكرێت.