لە بەرەبەری بەڕێوەچوونی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان، شاری شنۆ میلیتاریزە کرا

17:04 - 29 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: سپای پاسداران جارێکی‌تر بە شێوەیەکی بەرفراوان هێز و چەکی نیزامی لە شاری شنۆی سەر بە پارێزگای ورمێی زیاد کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا. ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی خەرمانان، سپای پاسداران دەستی داوەتە هێنانی هێزێکی پۆشتە بە چەکی قورس بۆ شاری شنۆ و سەرجەم شارە کوردنشینەکانی ناوچەکە.

هاووڵاتییەکی شاری شنۆ بە هەواڵنێری کوردپای ڕاگەیاند: لە سەرەتاکانی هاوینی ئەمساڵەوە سپای پاسداران بە بیانووی جیاواز هێزەکانی بە چەکی قورسەوە ڕەوانەی ناوچە سنوورییەکانی شنۆ کردووە.

بە وتەی ئەم هاووڵاتییە، سپای پاسداران هێزەکانی پۆشتە بە چەکی قورسی لە ناوچە سنوورییەکانی شنۆ و هەرێمی کوردستان جێگیر کردووە.

سەرچاویەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای ڕاگەیاند: سپای پاسداران لەگەڵ نزیک بوونەوەی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان هێزە نیزامییەکانی لە شارەکانی کوردستان بەتایبەت لە شاری شنۆ زیاد کردووە.

سەرەتاکانی هاوینی ئەمساڵ هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران چەکی قورسیان بۆ شاری شنۆ ڕاگواست.

ئەم چەکە نێردراوانە لە جۆری چەکی قورس وەک تانک، تۆپ و کاتیوشا بوون.
حکوومەتی ئێران لە ماوەی هاتنە سەرکاریدا بە چاوێکی ئەمنییەتییەوە چاوی لە کوردستان کردووە.

\"\"
لە بەرەبەری بەڕێوەچوونی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان، شاری شنۆ میلیتاریزە کرا