لە بەرزاییەکانی سنووری پیرانشاردا دوو کۆڵبەر بریندار کران

10:42 - 28 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: دوو کۆڵبەری کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت، لە سنووری شاری پیرانشاردا بریندار و ڕەوانەی ناوەندی دەرمانیی هەرێمی کوردستان کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە، ٢٧ی ڕەزبەر، دوو کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی "بەهمەن چریک"، خەڵکی شاری مەهاباد و "خالید" خەڵکی شاری پیرانشار، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکومەت پێکران.

"بەهمەن چریک" و "خالید" لە بەرزاییەکانی "کانی خوا"ی سنووری شاری پیرانشار، لە لایەن هێزە نیزامییەکانەوە تەقەیان لێکراوە.

ئەو دوو کۆڵبەرە کوردە، بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری "چۆمان" لە هەرێمی کوردستان کراون.

هێزە نیزامییەکانی حکوومەت ئەو دوو کۆڵبەرە کوردەیان بەبێ ‌ئاگادارکردنەوەی پێشوو و بە گومانی هەڵگرتنی شتومەکی قاچا‌خ، داوەتە بەر دەسڕێژیی گوللـە.