لە بۆکان ڕێگە لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمێکی فەرهەنگی گیرا

14:56 - 4 رێبەندان 2715
ئاژانسی کوردپا: جارێکی دیکەش ناوەندە ئەمنیەتییەکانی سەر بە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، لە کوردستان پێشیان بە بەڕێوەچوونی کۆڕێکی ئەدەبی ـ فەرهەنگی لە شاری بۆکان گرت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕێوڕەسمی بیرئانینی هەردوو کەسایەتیی بیاڤی ئەدەب و شیعری کوردی، عەباس حەقیقی و موحەممەد نووری، بە هۆی ڕێگە نەدانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان، هەڵوەشایەوە.

ئەو ڕێوڕەسمە بە هاوکاریی چالاکانی ئەدەبی و مۆڵەتی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشاد، قەرار بوو کە ڕۆژی یەکی ڕێبەندان لە ساڵۆنێکی گەورەی شاری بۆکان بگیردرێت.

هەواڵنێری کوردپا لە بۆکان، وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە، ڕایگەیاند: \"لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا، بە نووسەران و بەڕێوەبەرانی ئەو کۆڕە وتراوە کە ناتوانن ساڵوەگەڕی بیرئانینی شاعیران حەقیقی و نووری ساز بکەن\".

لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە؛ سەرەڕای لەمپەر و بیانووەکانی ناوەندە ئەمنییەکان، چالاکانیی بۆکانی ڕێوڕەسمەکەیان لە شوێنی ئەنجومەنی ئەدەبیی ئەو شارە کە زۆر بچووک و تەنگەبەر بوو بەڕێوە برد.

ڕۆژی ٣٠ی بەفرانبار، حەوتەمین ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی مامۆستا محەممەد نووری، ناسراو بە عەتریی‌ گڵۆڵانی‌یە.

ماوەیەک پێش ئێستاش، ئیتلاعاتی ئیلام بڕیاری چالاکانی ئەدەبی و هونەریی ئەو شارەی لەمەڕ ڕەخنە و لێکدانەوەی ڕۆمانی \"دواهەمین هەناری دنیا\"ی بەختیار عەلی هەڵوەشاندبووەوە.

لە کوردستانی ئێران، ناوەندە ئیتلاعاتی و نیزامییەکان دەسەڵاتی لەڕادەبەدەریان هەیە و دەتوانن کە هەموو بڕیارێکی ئیدارە دەوڵەتییەکان، یەک لەوان ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشاد، هەڵوەشێننەوە.