لە بۆكان پێنج چالاكی فەرهەنگی بە 11 ساڵ زیندان حوكم دران

20:40 - 9 خاکەلێوه 2712
كوردپا: پێنج چالاكی فەرهەنگیی كوردی شاری بۆكان كە ماوەی زیاتر لە یەك ساڵ لەمەوبەر دەستبەسەر و دواتر بە دانانی وەسیقە ئازاد كرابوون، سەرەنجام لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئازه‌ربایجانی رۆژئاواوه‌ سەرجەم بە 11 ساڵ زیندانی تەعزیری حوكم دران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، پێنج چالاكی فەرهەنگی بەناوەكانی قاسم رەحیمی ئازەر، جەلال ناسری، ئیدریس بوڕنا، ناسر ناسری و ئیدریس ئاگ پاش زیاتر لە یەك ساڵ ناڕوونیی پەروەندەكەیان، سەرجەم بە 11 ساڵ زیندانی تەعزیری مەحكووم دران.

هەواڵنێری كوردپا لە درێژەدا ئاماژەی بەوەش كردووە، كە لە دادگای سەرەتاییدا قاسم رەحیمی بە 8 ساڵ زیندان و جەلال ناسریش بە 5 ساڵ زیندانی تەعزیری مەحكووم كرابوون و دواتر لە دادگای پێداچوونەوەدا حوكمی هەركامەیان كراوەتە چوار ساڵ.

لە درێژەی هەواڵەكەی هەواڵنێری كوردپادا هاتووە، ئیدریس بورنا و ناسر ناسری و ئیدریس ئاگ سێ‌ كەسی دیكە لەو پێنج گیراوەی كورد لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی بۆكانەوە هەركام بە یەك ساڵ زیندانی تەعزیری حوكم دراون.