لە بنەماڵەیەکدا دوو کچ بوونە قوربانیی قەتڵی نامووسی

15:30 - 17 بەفرانبار 2715
ئاژانسی کوردپا: جارێکی دیکە شەڕ و ناکۆکی لە نێو بنەماڵەدا، بووە هۆی قەتڵی نامووسیی کچێک لە لایەن براکەیەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە حەوتووی ڕابردوودا، لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری سەردەشت سەر بە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کچێک به ناوی \"ئایشە ئیبراهیم پوور\" بوو بە قوربانیی قەتڵی نامووسی.

کوشتنی ئەو کچە بەهۆی کێشەی بنەماڵەیی و لە لایەن براکەیەوە بووە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەردەشت، ئەو هەواڵەی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند: \"ئەو کچە دووهەمین قوربانیی \"ژن کوژییە\" لە بنەماڵەی \"ئیبراهیم پوور\" و ئەوان بە ڕەچەڵەک خەڵکی گوندی \"مەلا شێخ\"ی سەر بە بەشی ناوەندیی شاری سەردەشتن.

ئەو ڕووداوە لەکاتێکدا ڕوویداوە کە ئایشە لەگەڵ براکەی تووشی کێشە و شەڕ دەبن و براکەی بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەر خوشکەکەی و کوشتوویەتی.

براکەی دوای ئەو ڕووداوە خۆی ڕادەستی پولیس دەکات.

بەپێی مادەی ٢٢٠ ی یاسای سزای ئێران، \"لە کاتێکدا باوک یان باپیری -لە لایەن باوکەوە- منداڵەکەی خۆیان بکوژن قیساس ناکرێن و بە دانی دیەی کەسی کوژراو، بکوژەکە بە شێوەی تەعزیری حوکم دەدرێت.

هەر لەو ڕۆژەدا و لە شاری سەقز، کچێکی تەمەن ١٨ ساڵ، بە ناوی شیوا مەجیدی، لە هەوڵێکی خۆکوژی‏دا، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

هەواڵی خۆکوژیی ئەو کچەش بەو شێوەیە کە لە هەواڵنێریی کوردپا ڕاگەیەندراوە، بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە بووە.