لە بازارچەی سنووریی پەرویزخان تیکهەڵچوون هاتە ئاراوە

17:30 - 4 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: لە بازارچەی سنووریی \"پەرویز خان\"ی قەسری شیرین لە نێوان کرێکارانی ئەو بازاڕچەیە و هیزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا شەڕ و ئالۆزی هاتە ئاراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٣ی بانەمەڕ لە ئەنجامی ناڕەزایەتی دەربڕینی کرێکاران بە نەبوونی خزمەتگوزاری، کەرەسەی ئیمەنی، جلوبەرگی تایبەت، شەڕ و ئالۆزی لە نێوان کرێکاران و هێزە ئینتزامییەکانی جێگیر لەو بازاڕچەیە روویدا.

\"سابیر حەیدەری\" بەرپرسی بازاڕچەی \"پەرویزخان\" لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بۆ ئاژانسی کوردپا، کێشەکانی ئەو بازاڕچەیەی بۆ کەمیی کەمیی بۆدجە گەڕاندەوە و رایگەیاند: ئەو کێشانە بەمەبەستی تاووتوێ کردن و دۆزینەوەی رێگە چارە، رادەستی ئیدارەی بازرگانیی ئوستانی کرماشان کراون.

بازاڕچەی پەرویز خان لە نیوان سنووری ئوستانی کرماشان و هەرێمی کوردستان و بە مەودای ٥ کیلۆمیتر دوور لە شاری قەسری شیرین هەڵکەوتووە و ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی بەشێوەی فەرمی و یاسایی دەستی بەکار کردووە.