لە ئاستی ئێراندا، دوو گوندی کوردستان وەکوو لایەنگرانی کتێب هەڵبژێردران

12:52 - 4 رەشەمه 2714
ئاژانسی کوردپا: یەکەمین فستیڤاڵی سەرتاسەریی گوندەکانی ئۆگری کتێب، بە ناساندنی هەڵبژێردراوانی فستیڤاڵەکە، کۆتای بە کارەکانی خۆی هێنا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لیژنەی هەڵسەنگاندنی سەرەتایی و کۆتایی یەکەمین فستیڤاڵی گوندەکانی ئۆگری کتێب، ١٠ گوندی وەکوو باشترین سەرمەشقی فەرهەنگیی گوندەکان لە ئێراندا دەستنیشان کرد.

ئەم ١٠ گوندە نموونەیە، لە نێوان ٦٢١ گوندی سەربە ٢٣ ئوستانی سەرتاسەری وڵاتی ئێراندا هەڵبژێردراون.

رێوڕەسمی کۆتایی یەکەمین فستیڤاڵی گوندەکانی لایەنگری کتێب، رۆژی رابردووهاوکات لەگەڵ یەکەمین خولی هەڵبژاردنی کتێبی ئێران لە مەکۆی کتێبخانەی میللی بەڕێوەچوو.

\"24943.jpg\"
یەکەمین فستیڤاڵی سەرتاسەریی گوندەکانی ئۆگری کتێب
گوندی (ئینگیجە)ی سەربە شارستانی مەریوان و گوندی \"گۆگ تەپە\"ی سەربە شارستانی مەهاباد ئەو دوو گوندەی کوردستان بوون کە لەو فستیڤاڵەدا رێزیان لێگیرا.

گوندی ئینگیجە، یەکێک لە گوندەکانی سەربە بەخشی خاومیراوای سەربە شارستانی مەریوانە و لە ١٢ کیلۆمیتریی بەشی رۆژئاوای ئەو شارە هەڵکەوتووە.

گۆگ تەپە، گوندیکی ناوچەی مەهابادە، کە نزیک بە ٩٠٠ بنەماڵەی تێدا دەژین.
هەرکام لەم دو وگوندە بڕی ١٠ ملوین تمەنیان وەکوو دیاری پێشکەش دەکرێت.

ئەم گەڵاڵەیەیە، هاوینی رابردوو لەلایەن کۆمیسیۆنی میللیی یونسکۆ و بەشی فەرهەنگیی وەزارەتی ئیرشادەوە پەسند کرابوو.

لە قۆناغی کۆتایی فستیڤاڵەکەدا، ٥ گوندی کوردستان لە نێوان ٢٠ گوندی ئۆگر و لاینگری کتێبدا، دەستنیشان کران.

هەروەها لە نێوان ٦٤ شاری پالێوراو بۆ هەڵبژێردرانی پێتەختی کتێب، شاری ئەهواز لە نیوان ١٠ شاردا گەیشتۆتە قۆناغی کۆتایی و وەکوو پێتەختی کتێب هەڵبژێردراوە.

کرماشان، یەزد، بووشێهر، تەورێز، قوم، کاشان، گونبەدی کاووس و نیشابوور، بۆ هەڵبژێران بۆ پایتەختی کتێب پاڵێورابوون.