لە ئازەربایجانی رۆژئاوا چوار هەزار و 70 كەس دەستبەسەر كراون

15:29 - 20 بەفرانبار 2711
كوردپا: لە 9 مانگدا نزیك بە چوار هەزار و70 كەس لە پێوەندی كڕین و فرۆشی \"كەلوپەلی قاچاخ\"دا لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا لەلایەن هێزە ئینتزامییەكانەوە دەستبەسەر كراون.

هەواڵدەریی فارس لەزاری لێپرسراوی هێزی ئینتزامیی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاواوە بڵاوی كردەوە، لە سەرەتای ساڵەوە هەتا كۆتایی مانگی سەرماوەز نزیك بە سێ‌میلیۆن و 160 هەزار نەخ جگەرە دەستی بەسەردا گیراوە.

\"رسول النقی پور\" وتی: لە ماوەی 9 مانگدا500 و نۆ هەزار و 35 كاڵای قاچاخ دەستی بەسەردا گیراوە كەلە كۆی گشتیی ئەو رێژەیە، شەست و دوو هەزار و 631 كاڵایان دەزگای ماهوارەوە هەیە.

ئەو لێپرسراوە وتیشی: هەر لەو پێوەندییەدا چوار هەزار و 70 كەس لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاواوە دەستبەسەر كراون.

فەرماندەی هێزی ئینتزامی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا ئەوەشی خستە روو، سەرجەم ئەو كاڵایانەی كە دەستیان بەسەردا گیراوە بە 57 میلیارد و 200 میلیۆن تمەن مەزەندە دەكرێن.

بەپێی یاساكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران هەر كاڵایەك كە فاكتوور، گەرەنتیی متمانەی لەگەڵ نەبێت بە كاڵای قاچاخ لەقەڵەم دەرێت.