لە ئابدانان، کانێکس دەبێتە قوتابخانەی بوومەلەرزە لێدراوان

16:36 - 14 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: لە ئەنجامی بوومەلەرزەی چەند حەفتەی رابردوودا لە ئوستانی ئیلام، زیاتر لە ١٢٠ ناوەندی پەروەردەیی لە سەدا ٢٠ هەتا سەدا سەد، زیانیان پێ گەیشتووە.

بەپێی راپۆڕتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، تێکڕای قوتابیانی ٤ گوندی بەخشی کەڵاتی موورمووریی سەربە شارستانی ئابدانان لە ساڵی داهاتووی خوێندندا لە نیو کانیکسدا وانەیان پێ دەگوترێتەوە.

بوومەلەرزەی ٦.١ ریشتێری رۆژی ٢٧ی مانگی گەلاوێژ خەسارێک زۆری بە شارستانی ئابدانان و بەخشی موورمووری گەیاندووەو پشکی ناوەندە پەروەردەییەکان لەو خەسارە، ٣٠ ملیارد تمەنە.

بەرپرسی پەروەردە و بارهێنان باسی لەوە کردبوو، کە قوتابیانی شارەدێی ٨٠٠ خانوویی موورمووری لە دوو ناوەندی پەروەردەییدا کۆ دەبنەوەو بۆ چارەسەر کردنی کێشەی خوێندنی قوتابیان، ٤٠ کانێکس لە گوندەکانی سیاهگوڵ، ئاوتافی سەرێ و خوارێ و چەم شاڵان دادەندرێت.

سەفەر رەحمانی بە پشت بەستن بە بۆچوونی کارناسانی نوێژەن کردنەوەی قوتابخانەکانی ئوستانی ئیلام، رایگەیاندووە: ١٠٧ یەکەی پەروەردەیی و ٨٠ شوێنی دیکە زیانیان بەرکەوتووە، کە وانە وتنەوە لەو شوێنانەدا بە قوتابیان، بێ ئەملاو ئەولا قەدەغەیە.

لەلایەکی دیکەوە، خەوتنگەی قوتابیانی دواناوەندیی شاری \"سەراو باخ\" بە تەواوەتی تێکرووخاوەو قوتابیان دەبێ لە خانووی ئیجارەییدا ساڵی خوێندن بەرنە سەر.

سەرەڕای ئەوەیکە بینای قوتابخانەی ئەو شوێنانە کە بومەلەرزەی بەرکەوتووە، سیستەمی پەروەردە لەو ناوچەیەی کوردستان ٢٠ ملیارد تمەن کەمیی بودجەی بۆ نوێژەن کردنەوەی قوتابخانەکان هەیە.

هەروەها ئیدارەی گشتیی پەروەردە و بارهێنانی ئوستانی ئیلام بۆ قەرەبوو کردنەوەی کەموکۆڕییەکانی سیستەمی پەروەردەی لە ساڵی نوێی خوێندندا، قوتابیی پۆلە جیاجیاکانی خوێندنیان تێکەڵ دەکەن و لە هێندێک شوێنیش بە شێوەی دوو شیفتە وانە بە قوتابیان دەڵینەوە.

لە ئەمساڵدا ١٠٠ هەزار قوتابی لە ئوستانی ئیلامدا و لە زیاتر لە هەزار و ٢٠٠ شوێنی پەروەردەییدا سەرقاڵی خوێندن دەبن.

ساڵی رابردووش بەرپرسی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ئابدانان بە هەواڵدەریی ئیرنای راگەیاندبوو؛ هەنووکە لە ١٦ شوێن قوتابیان لە نیو رەشماڵ و کانیکسدا وانەیان پێ دەگوترێتەوەو ١١ شوێنی پەروەردەییش بەهۆی کۆن بوونیانەوە لە کەڵک کەوتوون.

لە رێکەوتی ٢٧ی گەلاوێژەوە هەتا ١٣ی خەرمانان، نزیک بە ٨١٠ بوومەلەرزە، لە بەخشی موورمووریی سەربە شاری ئابدانانی تۆمار کراوە.